پێشبڕکێی راکردن بەدوای پەنیر لە بەریتانیا بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
لە بەریتانیا پێشبڕکێی راکردن بەدوای پەنیر بەڕێوەچوو، هەرچەندە براوەی پێشبڕکێکە تەقلەیەکی زۆری لێدا لەکاتی راکردنی، بەڵام گوتی، "نە بریندار بووم و نە هیچ شوێنێکم شکاوە."
ئابی لامپ، براوەی پێشبڕکێکە دەڵێت، "هیچ شوێنێکم نەشکاوە. برینداریش نەبووم. رووخسارم کەمێک رووشاوە، بەڵام لە گرد خلۆر ببیتەوە ئەوەش چاوەڕوانکراوە."
پیاوێکی ئەڵمانی بەناوی تۆم کۆپکە لە سێ پێشبڕکێی سەر ئاستی پیاوان، جامێکی بردەوە؛ دیلان تویسی ئوسترالی دوو دانەکەی دیکەی بردەوە.
دیلان تویس، براوەی پیاوان گوتی، "تازە دەزانم دەبێت خۆت شلکەیت و خلۆربیتەوە. پێم وابوو کە ئەمە شتێکە تێیدا سەرکەوتوو دەبم. شۆک بووم کە بانگیان کردم و گوتیان براوەیت."
لە ساڵی 1826ـەوە ساڵانە لە بەرزاییەکانی کووپەر بە دووریی 160 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای لەندەن، کێبڕکێکاران بەدوای پارچە پەنیرێکی سێ کیلۆیی خلۆر دەبنەوە.
کەم کەس هەیە بتوانێت لە لێژییەکی 180 مەتر قوڕاوی تا دامێنی بە پێوە بوەستێت. هەموو ئەو سەرکێشییە بۆ بردنەوەی ئەو پەنیرەیە کە خلۆر دەکرێتەوە.
پەنیری دەبڵ گڵاوستەری سێ کیلۆیی نرخەکەی لە 70 دۆلار تێپەڕ ناکات، بەڵام شانازییە گەورەکە بردنەوەی پێشبڕکێکەیە کە نزیکەی 200 ساڵە بەریتانییەکان پۆزی پێوە لێدەدەن.