زیاتر لە 19 هەزار کەس لە سوودان پەنایان بۆ میسر و ئەسیوپیا بردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی میسر دەڵێت، لە سەرەتای شەڕی نێوخۆی سوودانەوە، سەروو 16 هەزار کەس بەرەو وڵاتەکەیان هەڵاتوون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش چوونەتە ئەسیوپیا.
 
رۆژی پێنجشەممە 27ی نیسانی 2023 وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند، بە شێوەیەکی گشتی سەروو 16 هەزار پەناخواز لە سوودانەوە روویان لەو وڵاتە کردووە، کە 2000 کەسیان هاووڵاتیی 50 وڵاتن، یاخود ئەندامی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانن.
 
هاوکات، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە ماوەی نێوان 21ی نیسان تاوەکو 25ی نیسان، سەروو 3500 کەس، کە هاووڵاتیی 35 وڵاتیان تێدا بووە، بەهۆی شەڕەوە پەنایان بردووەتە بەر ئەسیوپیا کە 40% لەوانەش هاووڵاتیی تورکیان.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان دەبنە هۆی دەربەدەربوونی 270 هەزار کەس و دەڵێت، ناچار دەبن روو لە وڵاتانی وەکو سوودانی باشوور و چاد بکەن.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە 15ی نیسانەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ، ناسراو بە حمێدتی، بەردەوامە. ناو بە ناو چەند جارێک ئاگربەست راگەیێندراوە. لەو کاتەشەوە، لانیکەم 512 کەس کوژراون و 4200 کەسی دیکەش بریندار بوون.