وەکو سزایەک سەلڤادۆر وێنەی مافیا زیندانیکراوەکانی بە نیمچەڕووتی بڵاوکردەوە
رووداو - هەولێر
سەرۆکی سەلڤادۆر وەکو سزایەک لەبەرامبەر نانەوەی ئاژاوە، مافیا زیندانیکراوەکانی گرتووخانەیەکی بە نیمچەڕووتی بەدوای یەکدا ریزکردوون، وێنەیانی گرتوون و بڵاوی کردوونەتەوە.
ئەو وێنانەی کە لە هەژماری توویتەری نایب بوکێلێ بڵاوکراونەتەوە، تەواو پێچەوانەی رێنماییە تەندروستییە ستاندارەکانن کە ئاماژە بە خۆبەدوورگرتنی خەڵک لە یەکدی دەکەن.
تەواوی زیندانییەکان بە کۆمەڵ بەدوای یەکدا ریزکراون بەبێ ئەوەی بۆشایی لەنێوانیاندا هەبێت.
ئەو کردەوەیەی سەرۆکی سەلڤادۆر رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی نیگەران کردووە. ئێریکا گیڤارا، سەرۆکی رێکخراوی لێبوردنی گشتی لە ئەمریکا دەڵێت، "گرتنی وێنەی زیندانیان لەکاتی سەندنەوەی ئازادییەکانیان مایەی نیگەرانیی گەورەن".
گیڤارا ئەم هەڵسوکەوتەی لەگەڵ مافیا زیندانیکراوەکان بە "سووکایەتیکردن و ئابڕووبردن" ناوبرد.
خۆسی میگیل ڤیڤانکۆ، بەڕێوەبەری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی تایبەت بە ئەمریکا سەرکۆنەی ئەم هەنگاوەی سەلڤادۆری کرد و گوتی، "ئەرکێکمان لەپێشە نەهێڵێن سەلڤادۆر ببێتەوە وڵاتێکی دیکتاتۆری".
بوکێلێ وەکو بەشێک لە بەرگریکردن لەو رەخنانەی ئارستەی دەکرێن، دەڵێت مافی خۆمانە پارێزگاری لە سەلڤادۆرییەکان بکەین. سەرۆکی وڵاتەکە دەسەلاتدارەکانی پێش خۆی بە گەندەڵ ناودەبات.
ئەنجامی زۆربەی هەڵبژاردنەکان بە دڵی سەرۆکی سەلڤادۆرن کە مافیاکان لە ساڵی 1992ەوە و لە سەردەمی شەڕی ناوخۆوە هەوڵی شێواندنیان داوە.
زیاتر لە 12 هەزار و 860 مافیا لە گرتووخانەکانی سەلڤادۆر زیندانی کراون.
رۆژی یەکشەممە سەرۆکی سەلڤادۆر بە فەرمی بەکارهێنانی هێزی لە دژی مافیاکان لە وڵاتەکەدا پەسەندکرد. ئەوەش دوای ئەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیە ژمارەیەک کەس بەدەست مافیاکان کوژران، ئەو ژمارەیە لە مێژووی ساڵێکی حوکمڕانیی بوکێلێدا زۆرترین بوو .
وێنەکان لە مافیا زیندانیکراوەکانی گرتووخانەی ئیزالکۆ لە رۆژئاوای سان سەلڤادۆری پایتەختی سەلڤادۆر گیراون.