لێبووردنی نێودەوڵەتی: حکومەتی ئیتاڵیا سیاسەتێکی دووفاقیی بەرامبەر بە کۆچبەران هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ناسراو بە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، لەبارەی پرسی کۆچبەران لە ئیتاڵیا ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی ئەو وڵاتە "سیاسەتێکی دووفاقیی بەرامبەر بە کۆچبەران هەیە."
گیانلەدەستدانی کۆچبەران لەنێو دەریا لە بەرزبوونەوەدایە؛ ئیتاڵیا بەوە تۆمەتبار دەکرێت سیاسەتە تووندەکەی بووەتە هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەیە.
ئیلیانۆ بێلۆ، بەرپرسی لقی ئیتاڵیای رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، "پێشوازیمان لەو ئاوارانە کردووە کە لە ئۆکرایناوە هەڵاتوون کە ئەمەش کارێکی دروستە، بەڵام بەداخەوە سیاسەتێکی دووفاقیی هەیە. ئەویش ئەوەیە لەو کاتەی پێشوازیمان لە ئاوارەکانی ئۆکراینا کرد، ئێمە هەمان هەڵوێستمان نەبوو بەرامبەر بەو کۆچبەرانەی لە دەریای سپیی ناوەڕاستەوە دێن، کە زۆریان رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە."
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە لە ساڵی 2014وە زیاتر لە 17 هەزار کۆچبەر لە رێگەی چوونیان بۆ ئەوروپا، لە دەریای سپیی ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون، تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە 220 کۆچبەر لەو رێگەیە گیانیان لەدەستداوە یاخود بێسەروشوێن بوون.
لە سەرەتای ئەم مانگە لەدوای گیانلەدەستدانی لانیکەم 80 کۆچبەر لە کەناراوەکانی باشووری ئیتاڵیا، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بەرگریی لە سیاسەتەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر بە کۆچبەران کرد.
رۆژی 2023-03-09 جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، "پێموایە باشترین رێگە بۆ رێزگرتن لە قوربانییەکان ئەوەیە کە هەموو رێگەیەک بگرینەبەر تاوەکو دڵنیابین لەوەی ئەو کارەساتە روونەداتەوە. یاسایەکمان پەسند کردووە لە ئەنجوومەنی وەزیران کە بەرەنگاری ئەو پرسە دەبێتەوە و ئامانجی ئەو بڕیارەش ئەوەیە کە بەسەر بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە سەربکەوین، هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر بەم تراژیدیایە ئەوەیە کە بە تووندی بەرەنگاری ئەو پرسە ببینەوە."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا لە ماوەی دوو مانگ و نیوی ئەمساڵدا، زیاتر لە 13 هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریاوە چوونەتە ئیتاڵیا و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ساڵی رابردوو زیاتر لە 105 هەزار کۆچبەر لە رێگەی بەلەمەوە چوونەتە نێو خاکی ئیتاڵیاوە.