داوا لە بایدن دەکرێت رێگە بە وڵاتان نەدات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا ئاسایی بکەنەوە

رووداو - هەولێر

نزیکەی 40 بەرپرس و فەرماندەی باڵای پێشووی ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەک چالاکڤان و پسپۆڕی کاروباری سووریا لە نامەیەکی تایبەتدا بۆ سەرۆکی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، داوا لە ئیدارەی ئەمریکا دەکەن بە سیاسەتەکانیدا لە سووریا بچێتەوە و رێگەش بە لە وڵاتانی عەرەبی نەدات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا ئاسایی بکەنەوە. 
 
رۆژی دووشەممە 27ی ئاداری 2023، نێزکەی 40 بەرپرس و فەرماندەی باڵای پێشووی ئەمریکا کە لەنێویان کێنت مەکێنزی، فەرماندەی پێشووی سێنتکۆم، جۆن ماکلۆگلن، بەڕێوەبەری پێشووی دەزگەی هەواڵگریی ئەمریکا، جەیمس جێفری، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق و تورکیا، جێفری فێڵتمان، یاریدەدەری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەندین بەرپرسی پێشووی ئەمریکا نامەیەکیان ئاڕاستەی هەریەک لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە و داوایان لێکردوون بە سیاسەتی ئیدارەکەدا لە سووریا بچنەوە و رێگری لە شەپۆلی نزیکبوونەوەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا بکەن.
 
لە نامەکەدا هاتووە: "دژی ئاساییبوونەوە لەگەڵ رژێمی سووریا تەنیا بە قسە بەس نییە. لەبەرئەوەی بەو شێوەیە زیان بە هەموو ئومێدێک دەگەیێنێت بۆ گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە".
 
ئەم نامەیە و هۆشداریەی بەرپرسان و فەرماندە ئەمریکییەکان بۆ ئیدارەی بایدن، لەکاتێکدایە کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، وڵاتانی عەرەبی سەرقاڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیانن لەگەڵ بەشار ئەسەد. سەرەڕای نیگەرانی ئەمریکا هەریەک لە وڵاتانی ئیمارات، بەحرێن، میسڕ و عومان، هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق داوە. هەفتەی رابردووش، بەشار ئەسەد سەردانی ئیماراتی کرد.
 
هەروەها لەگەڵ ئەو ئاساییبوونەوەیەش هەوڵ هەیە بۆ کاراکردنەوەی ئەندامێتی سووریا لە کۆمکاری عەرەبی. لە نامەکەدا، ئیدارەی بایدن بەوە تۆمەتبار کراوە، کە بە ئاشکرا دژی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانە لەگەڵ سووریا، بەڵام بە نهێنی گڵۆپی سەوزی بۆ وڵاتانی عەرەبی هەڵکردووە. 
 
ئەمریکا چەندینجار دووپاتیکردووەتەوە، کە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ئاسایی ناکاتەوە. ئەنتۆنی بلینکن لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتان لەگەڵ ئەسەد، رایگەیاند: واشنتن بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان نییە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا و سزاکانی سەر حکومەتی دیمەشقیش هەڵناگرن هەتا پێشەڤەچوونی راستەقینە لە پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە نەبینن.