لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا لە ئەفغانستان شەش کەس کوژران
رووداو - هەولێر
تەقینەوەیەکی خۆکوژی کە داعش بەرپرسیارێتیی لێی راگەیاندووە، پایتەختی ئەفغانستانی هەژاند و لانیکەم شەش کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 27ـی ئاداری 2023، عەبدول نافی تاکور، گوتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی ئەفغانستان لە تویتێکدا نووسی: "هێزەکانی ئەفغانستان هێرشکارەکەیان بەدیکردووە و لەبەردەم ناوەندێکی بازرگانی لە نزیک وەزارەتی دەرەوەدا تەقەیان لێکردووە کردووە".
تاکور گوتی لەو کاتەی تەقەیان لەو کەسە کردووە، هێرشکارەکە خۆی تەقاندووەتەوە و لەگەڵ خۆی شەش کەسی دیکەی سڤیلی کوشتووە و ژمارەیەک کەسی دیکەی بریندارکردووە. دوای ئەوە، داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند.
بەرپرسانی تەندروستیی ئەفغانستان لە کابوولی پایتەخت پشتڕاستیانکردەوە کە جگە لە کوژراوان، 12 کەسی دیکە بریندار بوونە.
ئەم تەقینەوەیە دەبێتە دووەم تەقینەوە لە نزیک وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا و یەکەم تەقینەوەیە لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە روویدابێت.
رۆژی 11ـی کانوونی دووەم، خۆکوژێک لە نزیک وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان خۆی تەقاندەوە و بەهۆیەوە لانیکەم 10 کەس کوژران و 53 کەسی دیکەش بریندار بوون.