حەماس پێشنیازی ئاگربەستی 40 رۆژەی رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس پێشنیازی ئاگربەستی 40 رۆژەی رەتکردەوە کە دوێنێ سێشەممە لە پاریس خرایەڕوو و رایگەیاند، بزوتنەوەکە ئەو سەربازە بارمتە ئیسرائیلیانە لە بەرامبەر زیندانییە فەڵەستینییەکان ئازاد ناکات کە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون.
بەگوێرەی ئەو پێشنیازی ئاگربەستەی دوێنێ سێشەممە خرایەڕوو، 40 رۆژ ئاگربەستی شەڕ رابگەیێندرێت، 40 بارمتەی ئیسرائیلی نەخۆش و بەتەمەن و نەوجەوان و منداڵ لە بەرامبەر 400 زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکرێن، رێگە بە 500 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی بدرێت، رۆژانەش 8 کاژێر هیچ فڕۆکەیەکی چاودێری بەسەر غەززەدا نەسوڕێتەوە.
بزووتنەوەی حەماس بایدنی بێ هیواکرد کە رۆژی سێشەممە بەدەم خواردنی ئایسکرێمەوە ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر هەیە رۆژی دووشەممە ئاگربەستی شەڕ رابگەیێندرێت.
باسم نەعیم، کە گوتەبێژێکی حەماسە بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، لەدوای رەتکردنەوەی ئەم پێشنیازە، بزووتنەوەکە هیچ پێشنیازێکی دیکەی بەدەست نەگەیشتووە.
ئەحمەد عەبدولهادی، بەرپرسێکی باڵای حەماس بە میدیای عەرەبی راگەیاند، بزووتنەوەکە لەسەر داخوازییەکانی خۆی سوورە کە دەبێت ئیسرائیل پابەندی ئاگربەستێکی درێژخایەن بێت.
مەجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختی لە بەردەوامی گفتوگۆکان کردەوە، گوتی هەموو پارتەکان بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداری لە کۆبوونەوەکان دەکەن، بەڵام ئەو گوتانەی دووپاتکردەوە کە هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.
ئیسرائیل ئاگربەستی درێژخایەن رەتدەکاتەوە و رژدیشە لەسەر ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنەکەی نەوەستێت تاوەکو حەماس بە یەکجاری لەنێودەبات.
لە سەروبەندی مانگی رەمەزان کە کەمتر لە دوو هەفتەی ماوەو نزیکەی 30 هەزار کەس لە غەززە کوژراون، گوشارەکان بۆ سەر ئیسرائیل بۆ پابەندبوون بە ئاگربەستی شەڕ لە زیادبووندان.
بایدنیش لە نێوخۆی ئەمریکا رووبەڕووی گوشاری دیموکراتەکان بووەتەوە، رۆژی سێشەممە لە هەڵبژاردنی مشیگن 40 هەزار دەنگدەری بایدن رەتیانکردەوە دەنگ بە بەربژێرەکە بدەن، لەکاتێکدا پارتەکە چاوەڕوانی دەکرد ژمارەیان لە 10 هەزار کەس تێنەپەڕێت.
گوشارەکان وایانکردووە، ئیسرائیل نەرمتربێت لە گفتوگۆکان بەڕادەیەک، دوو بەرپرسی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان گوتووە، ئیسرائیل رازیبووە لە بەرامبەر ئازادکردنی هەر 5 ژنە بارمتەیەکی دەستی حەماس، 15 فەڵەستینی زیندانیکراو بە تۆمەتی تیرۆر ئازاد بکات.
ئەم پێشنیازە بەشێکە لەو رەشنووسەی کە دوو رۆژە باس و خواسی زۆری لەسەرە و ئاماژە بەوەدەکات کە 40 بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر نزیکەی 400 زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکرێن.
بەرپرسانی حەماس رایانگەیاند، هیچ بەرەوپێشچوونێک لە گفتوگۆکانی ئاگربەست نییە کە بە نێوەندگیری ئەمریکا و قەتەر بەڕێوەدەچن.
شەڕی ئیسرائیل و حەماس هەڵگیرسا دوای ئەوەی لە 7ی ئۆکتۆبەر چەکدارانی گرووپە ئیسلامییەکانی غەززە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی، 1150 کەسیان کوشت و زیاتر لە 220 کەسیشیان بە بارمتە گرت.