لە کۆریای باکوور قەیرانی خۆراکە؛ لە 12 ساڵی رابردوودا" وێنەی نەبووە

رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی خۆراک لە کۆریای باکوور لەمەترسیدایە، بەجۆرێک کورتهێنان لە خۆراک سەریهەڵداوە، کە لە 12 ساڵی رابردوو وێنەی نەبووە.
 
سەرۆکی کۆریای باکوور، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراکی لەگەڵ بەرپرسان و ئەندامانی پارتەکەی کرد. رۆژی (دووشەممە، 27ـی شوباتی 2023)، میدیای فەرمیی کۆریای باکوور رایگەیاند، کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی وڵاتەکە بۆ دووەم رۆژ بەشداری لە کۆبوونەوەی پارتی کرێکاراندا کرد.
 
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور راشیگەیاند بەرپرسانی وڵاتەکە پێداچوونەوەیان بە کاری پارساڵ لەبارەی ئامانجەکانی وڵاتەکە کردووە بۆ ئەوەی "شۆڕشی گوندنشینی لە سەردەمی نوێدا" بەرپابکەن. 
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی وڵاتەکە، کۆبوونەوەکە تیشک دەخاتە سەر ئەرکە "دەستبەجێ و گرنگەکانی" پەیوەست بە کێشە کشتوکاڵییەکان و ئەو ئەرکە " هەنووکەییانەی لە گەشەسەندنی ئابووریی نیشتمانیدا دێنە ئاراوە". 
 
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، کیم جۆنگ ئوون، لە ماوەی ساڵێکدا دوو بۆ چوار کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارتە حکومڕانەکەیدا کردووە و سیاسەتەکانی وڵاتەکەی داڕشتووە.
 
سەرەڕای ئەوەش، ئەمە یەکەمجارە پارتەکە کۆبوونەوەیەکی لەوجۆرە تایبەت بە کشتووکاڵ بکات. میدیای ئەمریکاش لەسەر زاری چەند بەرپرسێک دەڵێت، لەدوای ساڵی 2011، لە کۆریای باکوور، هیچ کات وەکو ئێستا کورتهێنان لە خۆراکدا نەبووە. 
 
بەرپرسانی کۆریای باشووریش مەزەندە دەکەن کۆریای باکوور کورتهێنانی یەک ملیۆن تۆنی لە گەنمدا هەیە. ئەوەش دەکاتە 20٪ـی خواستی ساڵانەی کۆریای باکوور. هۆکارەکەشی بۆ وەستاندنی هاوردەکردنی گەنم لە چینەوە لە دوای کۆرۆنا دەگەڕێننەوە. 

 

راپۆرتی میدیای کۆریای باکوور لەبارەی کۆبوونەوەکە: