سیناتۆرێکی کۆمارییەکان: دەبێت ئەمریکا هێرشی وێرانکەر بکاتە سەر ئێران
رووداو دیجیتاڵ
تۆم کەتن، سیناتۆری کۆمارییەکان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزە ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا و کاردانەوەی ئیدارەی بایدن بۆ ئەو گرووپانە و تاران بڵاوکردووەتەوە. سیناتۆرەکە دەڵێت، چەندین ساڵە بایدن بە چاوپۆشیکردن لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر سەربازانی ئەمریکی، ئێران بەهێز دەکات.
تۆم کەتن لە نووسینەکەیدا دەڵێت، "جۆ بایدن چەندین ساڵە ئێران بەهێز دەکات، ئەوەش بە قبووڵکردنی هێرشەکان بۆسەر سەربازانمان. بایدن بە پێدانی ملیاران دۆلار، بەرتیل دەداتە ئایەتوڵڵاکان".
گوتەکانی ئەم سیناتۆرە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن کە بە تاوەر 22 دەناسرێت. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، 3 سەربازی ئەمریکی کوژراون و 25ی دیکە برینداربوون.
تۆم کەتن هەروەها دەڵێت، "بەداخەوە چەند مانگێکە پێشبینی ئەوەم کردبوو هێرشێکی وەها رووبدات".
سیناتۆرە کۆمارییەکە داوای کاردانەوەی تووند بەرامبەر ئێران و هێزە نزیکەکانی دەکات و دەڵێت، "پێویستە تەنیا وەڵام بۆ ئەم هێرشانە، کاردانەوەی سەربازیی وێرانکەر بێت بۆسەر هێزە تیرۆریستییەکانی ئێران، چی لە نێوان ئێران و چی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەر شتێکی کەمتر لەوە ئەوە جەختکردنەوەیە لەوەی کە جۆ بایدنە ترسنۆکە و شیاوی ئەوە نییە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بێت".
ئەنجامدانی ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، لە 17-10-2023ـەوە زیاتر لە 158 جار هێرشکراوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا.
گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، دەڵێن، هێرشەکانیان وەڵامی پاڵپشتیی ئەمریکایە بۆ ئیسرائیل لە جەنگی غەززەدا.