ئەمریکا هۆشداری لە بەکارهێنانی ئەپی ژوان بەستنی کچان و کوڕان دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا هۆشداری لە بەکارهێنانی ئەو ئەپانە دەدات کە لە کۆمپیوتەر و مۆبایل بۆ دانانی ژوان لەگەڵ کچان یاخود کوڕان بەکاردەهێندرێن؛ ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆڵۆمبیا هەشت گەشتیاری ئەمریکی بە کوژراوی دۆزرانەوە، کە گومان دەکرێت لەڕێگەی ئەو جۆرە ئەپانەوە هەڵخەڵەتێندرابن و چووبنە وڵاتەکە.
 
گەشتیارەکان لە مێدلین، دووەم گەورەترین شاری کۆڵۆمبیا، لەنێوان 01-11-2023 تاوەکو 31-12-2023 بە مردوویی دۆزرانەوە، گومانی ئەوە هەیە دەرمانخوارد کرابن یاخود راستەوخۆ کوژرابن.
 
ئەمریکا هەر زوو لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوە و لە رێگەی باڵیۆزخانەکەی لە کۆڵۆمبیا رێنوێنیی بۆ گەشتیاران بڵاوکردەوەم داوای لێکردن خۆیان بەدوور بگرن لە گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە، بەتایبەتی بۆ هەندێک ناوچەی سنووریی کۆڵۆمبیا.
 
پێشتریش میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، تاو گێر شیۆنگ، کەسایەتیی بواری کۆمیدیا رفێندراوە و لە بەرامبەر ئازادکردنی داوای 2000 دۆلاریان کردووە؛ دواتر خێزانەکەی ئاشکرای کرد، کوڕەکەیان لە رێگەی ئەپێکی ژوان چاوی بە ژنێک کەوتووە.
 
بەپێی رێنوێنییەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "تاوانکاران ئەم جۆرە ئەپانە بەکاردەهێنن بۆئەوەی قوربانیان بکەونە دەستیان، کە لە شوێنە گشتییەکان دەیانبینن، وەکو هۆتێل و رێستۆرانت و باڕەکان، دواتر لێیان دەدەن یاخود تاڵانیان دەکەن."
 
وەکو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خستوویەتیەڕوو، چەندین هاووڵاتییان لە کۆڵۆمبیا دەرمانخوارد کراون، تاڵان کراون یاخود کوژراون.
 
واشنتن دەڵێت، رێژەی تاوان لە رێگەی ئەپەکانی ژوانەوە لە کۆڵۆمبیا زیادیان کردووە، بەتایبەتی لە دژی هاووڵاتییانی بیانی. لە نیوەی دووەمی 2023 دزیکردن لە گەشتیاری بیانی لە وڵاتەکە 200% زیادی کرد، تاوانی کوشتنیش لە دژی گەشتیاران 29% زیادی کرد، زۆربەی قوربانیان گەشتیاری ئەمریکی بوون.