وەزارەتی ئیکۆلۆجیی ئیسپانیا: یەدەگی ئاوی هەرێمی کەتەلۆنیا ئێستا تەنیا 34%ی ماوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کەنیسەیەک لە شارۆچکەی ڤیلانۆڤا دێ سەوی هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا دوای دەیان ساڵ ژێرئاوکەوتن، بەهۆی وشکەساڵییەکەی ئەمساڵ و دابەزینی ئاستی ئاو، دەرکەوتووەتەوە.
 
حکومەتی هەرێمی کەتەلۆنیا بڕیاریداوە بەکارهێنانی ئاو سنووردار بکرێت؛ بڕیارەکە بریتییە لە قەدەخەکردنی شوشتنی نێو ماڵ، پڕکردنی مەلەوانگەکان و شوشتنگەی ئۆتۆمبێل و ئاودانی باخچەکان.
 
کریستینا هێرناندێز، هاووڵاتیی ئیسپانی ئاماژە بەوە دەکات، "هەموو ئەم بەیانییە بەدوای شوشتنگەی ئۆتۆمبێل دەگەڕام و سەرجەمیان داخراون، چونکە حکومەت بڕیاریداوە رایبگرێت. ئێستا دەبێت خۆم ئۆتۆمبێلەکەم پاکبکەمەوە تاوەکو بچمە سەر کارەکەم."
 
بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر 6.7 ملیۆن کەس کردووە، کە دەکاتە 80%ی دانیشتووانی هەرێمی کەتەلۆنیا. بۆ بەشێکی هاووڵاتییانیش ئەو بڕیارە نامۆیە.
 
هاووڵاتییەکی ئیسپانی دەڵێت، "پێموایە چەند پارکێک هاوشێوەی ئەمە ئاوەکەیان گرتووەتەوە لە کاتێکدا باشترە ئاوەکەی بەردەنەوە، چونکە منداڵان حەزدەکەن لێرە یاری بکەن و سەوزایی ببینن. ئەگەر وانەبێت منداڵەکان دەبێت بڕۆن بۆ دەرەوەی شار تاوەکو لەنێو سەوزایی یاری بکەن."
 
وشکەساڵی 32%ی خاکی ئیسپانیای گرتووەتەوە, 10 ملیار یۆرۆ زیانی لە کشتوکاڵی وڵاتەکە داوە. ساڵی 2021، یەدەگی ئاوی ئیسپانیا 49.9% بووە، ئەمساڵ بۆ 39.9% دابەزیوە. 75%ی خاکی ئیسپانیا مەترسیی وشکهەڵاتنی لەسەرە.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ئیکۆلۆجیی ئیسپانیا، یەدەگی ئاوی هەرێمی کەتەلۆنیا ئێستا تەنیا 34%ی ماوە. بەرهەمهێنانی کارەبا لەڕێگەی کارۆئاوییەوە 50% کەمیکردووە و بووەتە هۆی ئەوەی ئەمساڵ ئیسپانیا 41% زیاتر گازی سرووشتی بەرهەمبهێنێت. ئەمەش کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا دژوارتر دەکات.
 
ساڵی 2008 وشکە ساڵییەک دووچاری ئیسپانیا و بەتایبەت هەرێمی کەتەلۆنیا بووەوە و دۆخەکە بە جۆرێک لە گرێژنە دەرچووبوو، حکومەتی ئیسپانیا بە بەلەم ئاوی خواردنەوەی بۆ خەڵکی هەرێمەکە دابین دەکرد. ئێستا کەتەلۆنییەکان ترسی دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆیان هەیە.