جۆن کێربی بۆ رووداو: کوژرانی مەهسا ئەمینی تراژیدی و مردنێکی بەتەواوەتی ناپێویست بوو


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەبارەی دۆخی خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتیوانیی لە خۆپێشاندانی ئاشتییانە دەکات. لەبارەی شێوازی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیشەوە باسی لەوە کرد، "کوژرانێکی تراژیدی و مردنێکی بەتەواوەتی ناپێویست بوو."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە وەڵامی چەند پرسیارێكی رۆژ عەلی زاڵە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن دی سی، رایگەیاند، دەبێت خەڵكی ئێران خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و گوتیشی، "ئێمە بەدڵنیاییەوە لە دژی هەر حکومەتێکین کە بە تووندوتیژانە خۆپێشاندان سەرکوت بکەن."
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە پەیامی وڵاتەکەی بۆ دەسەڵاتدانی ئێران لەبارەی خۆپێشاندان و گرژییەکان ئەوەیە کە دەبێ حکومەتی ئێران "دەست لە کوشتنی خەڵکی" خۆیان هەڵبگرێت. 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا:
 
رووداو: خۆپێشاندانەکانی ئێران و وەڵامی کۆماری ئیسلامی شەوی رابردوو، دوێنێ زۆر تووندتر بوونەوە. خۆپێشاندەران داوای گۆڕینی رژێم دەکەن، هەڵوێستی ئیدارەی بایدن لەسەر داواکاریی خۆپێشاندەران چییە؟ ئیدارەی ئێوە پشتیوانی لە گۆڕینی رژێم دەکات؟ 
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا: تەماشا بکە، ئەوە دەکەوێتە سەر خەڵکی ئێران خۆیان. دەبێت خۆیان بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن. پێموایە ئەوەندە لەسەر ئەوە دەڵێین، بەڵام ئەوەی کە گوتوومانە ئەوەیە کە بەڕوونی و بەبێ دوودڵی وە سەرۆک بایدنیش دوو هەفتەیەک لەمەوبەر بەڕوونی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، ئەوەیە کە ئێمە بە دڵنیاییەوە لە پشتی مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانەوەین. ئێمە بەدڵنیاییەوە لە دژی هەر حکومەتێکین کە بە تووندوتیژانە خۆپێشاندان سەرکوت بکەن. پێشتر تراژیدیایمان بینیوە، دوێنێ رۆژی 40ـەمی کوژرانی مەهسا ئەمینی بوو. کوژرانێکی تراژیدی و مردنێکی بەتەواوەتی ناپێویست بوو لەسەر دەستی ئەوەی کە پێی دەگوترێت پۆلیستی رەوشت. 
 
ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی کە لە پشتی مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانەیە، بۆئەوەی ئەم هاووڵاتییە ئێرانییانە بتوانن کە خۆپێشاندان لە دژی سیاسەتگەلێک بکەن کە لە دژی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤن، ئێمە لەگەڵ ئەوەدا کاربەدەستانی رژێممان بەرپرس راگرتووە. هەر دوێنێ 14 سزای دیکەمان راگەیاند بەسەر کەسایەتی و رێکخراوی سەر بە رژێم لەسەر شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ خەڵکی خۆیاندا. ‬لەبەرئەوە پەیامی ئێمە بۆ رژێم روونە، دەست لە کوشتنی خەڵکی خۆتان هەڵگرن. ‬
 
رووداو: هەتا ئێستاش هەر کار لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی دەکەن لەگەڵ ئێران؟
 
جۆن کێربی: لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێمە ئێستا تەرکیزمان لەسەر ئەوە نییە. تەرکیزی ئێمە ئێستا لە راستیدا لەسەر بەشی یەکەمی پرسیارەکەتە. تەرکیزمان لەسەر ئەوەیە کە پشتیوانی لە خۆپێشاندانی ئاشتییانە بکەین و رژێم بەرپرسیار راگرین. ‬راستییەکە ئەوەیە کە ئێمە تەنانەت نزیکیش نین لە رێککەوتن لەگەڵ ئێرانییەکان، ئەوان کۆمەڵە مەرجێکیان داناوە کە لە دەرەوەی رێککەوتنەکەیە، لەبەرئەوە ئێمە نزیک نین و تەرکیزیشمان لەسەر رێککەوتن نییە، تەرکیزمان لەسەر خۆپێشاندانەکانە.