سەرۆکی رووسیا سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانیە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا سەرەخۆشی لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانیە دەکات.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند "ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیە کە ژمارەیەکی زۆر قوربانیی لێکەوتەوە، سەرخۆشیی خۆی رادەگەیێنێت."
پووتین لە پەیامەکەیدا جگە لەوەی سەرەخۆشی لە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، هاوخەمیی خۆی بۆ خانەوادەکانی قوربانییانی رووداوەکە دەردەبڕێت و "هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ هەموو برینداران دەخوازێت."
بەهۆی گڕگرتن و سووتانی هۆڵی بۆنەکانی قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، لە درەنگانی شەوی رابردوو (26-9-2023)، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و، زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون، بەشێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆکن و چارەسەری تەندروستییان بۆ دەکرێت.
هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لەنێو رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بەشێکی قوربانییەکانەوە رۆژی چوارشەممە، 27-9-2023، گوتی "نزیکەی 54 تەرمی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، هەتاوەکو ئێستا کەس نازانێت هی کێن و دەبێت پشکنینی ترشی ناوەکی (DNA)ـیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بناسرێنەوە."
دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ خاوەنی هۆڵی هەیسەم دەرکرد، ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی خاوەنی هۆڵەکەی راگەیاند و بە گوێرەی راگەیێندراوەکەش، رەوانەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیان کردووەتەوە.