%93ـی ئۆکراینییەکانی ژێر دەسەڵاتی رووسیا دەنگ بە 'بەڵێ' بۆ جیابوونەوە لە وڵاتەکەیان دەدەن
رووداو - هەولێر
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی گشتپرسیی چوار پارێزگای رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کە لە ژێر دەسەڵاتی رووسیادان، 93٪ی بەشداربووانی گشتپرسییەکە بە "بەڵێ" دەنگیان داوە بۆ چوونە سەر رووسیا و جیابوونەوەیان لە ئۆکراینا.
بەگوێرەی میدیای رووسیا، پرۆسەی دەنگدان لە گشتپرسییەکەی چوار پارێزگاکەی ئۆکراینا کە 15٪ی خاکی ئۆکراینا پێکدەهێنن، کۆتاییهاتووە. بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانیش، 93٪ی بەشداربووان لە بەرژەوەندیی چوونە سەر رووسیا دەنگیان داوە.
میدیای رووسیا دەڵێت، لە پارێزگای خیرسۆن 87.5٪، لە پارێزگای زاپۆریژیا 93.11٪، لە پارێزگای دۆنێتسک 93.95٪ و لە پارێزگای لۆهانسکیش نزیکەی 98.5٪ی بەشداربووان بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ چوونە سەر رووسیا داوە.
جیاکردنەوەی دەنگەکانی ئەو گشتپرسییە چوار رۆژییە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 27ی ئەیلوول، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئامانج لەو گشتپرسییە لە چوار پارێزگاکە، پاراستنی ئاییندەی دانیشتووانی ئەو ناوچانەیە.
هەفتەی رابردووش سەرۆکی رووسیا هۆشداریدا لەوەی ئەگەر خاکی رووسیا بە هەر شێوەیەک بکرێتە ئامانج، ئەوا ئەوان هیچ دوو دڵ نابن لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم بۆ پاراستنی "سەروەریی خاکی رووسیا".
لە دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رووسیا، دیمیتری کۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، ئەو پرۆسەیە هیچ رەوایەتییەکی نییە و هیچ کاریگەرییەکیشی لەسەر دۆخی جەنگەکە نابێت؛ هەروەها داوای لە وڵاتانی جیهان کرد سزای زیاتر بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنن.
پێش بەڕێوەچوونی گشتپرسییەکە، چەند جارێک بەرپرسانی ئۆکراینی هۆشدارییاندابووە رووسیا لەوەی گشتپرسی لە نێو خاکی وڵاتەکەیان ئەنجام نەدات و گوتیان، ئەو هەنگاوە هیچ ئومێدێک بۆ دانوستاندن و رێککەوتن ناهێڵێت.
هاوکات هەر ئەمڕۆ پیتەر ستانۆ، گوتەبێژ بەناوی جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا سزا بەسەر هەموو ئەو بەرپرسانەی رووسیادا دەسەپێنێت کە رۆڵیان لە رێکخستنی گشتپرسییەکەدا هەبووە.
هەروەها ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەدوای راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەکانی گشتپرسییەکە رایگەیاند، واشنتن بەهیچ شێوەیەک و هیچ کاتێک دان بەو پرۆسەیەدا نانێت.
گشتپرسییەکەی ئەو چوار پارێزگایەی ئۆکراینا، هاوشێوەی گشتپرسییەکەی کریمیایە لە ساڵی 2014، کاتێک 97٪ی بەشداربووانی ئەو نیمچە دوورگەیە بە "بەڵێ" دەنگیاندا بۆ جیابوونەوە لە ئۆکراینا و چوونە سەر خاکی رووسیا.