حەجی ئەمساڵ "ریکۆردێکی مێژوویی" تۆماردەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە دەڵێت، پێشبینی دەکرێت ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ ریکۆردێکی مێژوویی تۆمار بکات و بۆ یەکەمجار 2.5 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهانەوە حەج بکەن. 
 
بەجێهێنانی فەریزەی حەج، یەکێکە لە پێنج پایەکانی ئیسلام، لەدوای شایەتومان، نوێژکردن، زەکات و رۆژووگرتن. موسڵمانانیش ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان و نێوخۆی سعودیەش لە شاری مەککەی پیرۆزەوە دەست بە بەجێهێنانی فەریزەکە دەکەن. بۆ هەر ساڵێکیش ژمارەی ئەو کەسانەی بەشداری دەکەن، لەلایەن سعودیەوە دیاری دەکرێت. هەر موسڵمانێکیش کە تەمەنی گونجاوبێت، ئەگەر لەڕووی تەندروستی و داراییەوە لە توانایدابوو، دەبێت لە تەمەنیدا جارێک حەج بکات. 
 
رۆژی یەکشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2023 کە دەکاتە 7ـی (ذو الحجة)ی 1444ی کۆچی، رێوڕەسمی حەجی ئەمساڵ بە تەوافکردن بە دەوری بەردە رەشەکەی کەعبەی پیرۆز دەستیپێکرد. بەرپرسێک لە وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە دەڵێت، "بۆ ئەمساڵ شایەتیی گەورەترین حەج [لە رووی ژمارەوە] لە مێژوودا دەدەین." گوتیشی کە 1.6 ملیۆن حاجی لە 160 وڵاتی جیهانەوە بۆ حەجکردن چوونەتە سعودیە. 
 

 

ئەوەش لەکاتێکدایە کە بۆ ئەمساڵ رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە مەککە بە تەواوەتی هەڵگیراون کە لە ساڵی 2020دا سەپێندرابوون. لە ماوەی ئەو ساڵەدا، تەنیا رێگە بە 10 هەزار کەس درا حەج بکەن. دواتر لە ساڵی 2021دا رێکارەکان هەندێک شلکرانەوە و 59 هەزار کەس بەشدارییان لە حەجدا کرد و بۆ ساڵی 2022ش یەک ملیۆن کەس بەرگی ئیحرامیان پۆشی و حەجیان کرد. 
 
 
عەبدولعەزیم، حاجییەکی تەمەن 65 ساڵی خەڵکی میسرە، کە بۆ ماوەی 20 ساڵ پارەی پاشەکەوت کردووە بۆ ئەوەی حەج بکات و خەرجییەکەی دابین بکات، کە 6,000 هەزار دۆلار دەبێت. ئێستا دڵخۆشە کە سەردانی ماڵی خودای کردووە و دەڵێت: "من ئێستا جوانترین و خۆشترین رۆژەکانی ژیانم بەسەر دەبەم."
 
وەرزی حەجکردن پشت بە رۆژژمێری کۆچی دەبەستێت؛ بەو پێیەش، حەجکردنی ئەمساڵی حاجیان لەکاتێکدایە کە پلەی گەرما لە مەککە دەگاتە 45 پلەی سیلیزی. 
 
بەرپرسانی سعودیە دەڵێن، بۆ ئەمساڵ سەروو 32 هەزار کارمەندی تەندروستی و هەزاران ئەمبوڵانسیان راسپاردووە بۆ ئەوەی خزمەتی حاجیان بکەن و بۆ هەر رووداوێکی تەندروستیی وەکو جەڵتەی دڵ، وشکبوونەوەی پێست و بوورانەوە ئامادەبن.
 

رێوڕەسمی حەج چۆن بەڕێوەدەچێت؟
 
رۆژێک بەر لە دەستپێکردنی رێوەڕەسمەکانی حەج، حاجیان دەگەنە مەککە و نیەتی حەجکردن دێنن. رۆژێک دواتر، تەوافی دەوری کەعبەی پیرۆز دەستپێدەکات. دواتر لە هەمان رۆژدا ئەرکی سەفا و مەروە بەجێدەگەیێنن کە حەوت جار هاتن و چوونە لەنێوان گردۆڵەی سەفا و مەروە. دواتر بەرەو مینا بەڕێدەکەون کە هەشت کیلۆمەتر لە کەعبەوە دوورە و شەو لەوێ دەمێننەوە. 
 

رۆژی 9ی (ذو الحجة) حاجیان لە میناوە بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێدەکەون کە دووریی نێوانیان 16 کیلۆمەتر دەبێت و رۆژەکە لە کێوی عەرەفە بە نزا و پاڕانەوە بەسەردەبەن. ئێوارەی هەمان رۆژ، حاجیان دەگەڕێنەوە موزدەلیفە کە 17 کیلۆمەتر لە کێوی عەرەفەوە دوورە و شەو لەوێ دەمێننەوە. 
 
 لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، حاجیان بەرەو مینا و جەمارە بەڕێدەکەون بۆ ئەوەی رەجمی ئەهریمەن بکەن و دواتر قوربانی دەکەن. لە رۆژی چوارەم تاوەکو رۆژی شەشەم، حاجیان پرچی خۆیان کورتدەکەنەوە و بەرگی ئیحرام دادەکەنن. دواتر دەگەڕێنەوە کەعبە بۆ ئەوەی تەواف بکەن و جارێکی دیکە رەجمی ئەهریمەن بکەن و بە تەوافی ماڵئاوایی کۆتایی بە رێوڕەسمەکانی (مناسک)ی حەج دێنن.