هەوڵ بۆ رزگارکردنی گەورەترین جۆری مەیموون لە ئەمریکای لاتین دەدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە دارستانەکانی ئاتلانتیکی باشووری رۆژهەڵاتی بەرازیل، مەیموونی موریکی ئەم لق و ئەو لق دەکەن، بێئاگا لەوەی خەریکە لەنێودەچن؛ ئێستاش هەوڵێک بۆ رزگارکردنی ئەو جۆرەی مەیموون دەستیپێکردووە.
 
ئەو جۆرەی مەیموون، گەورەترین جۆری مەیموونە لە ئەمریکای باکوور و باشوور، باڵایان مەترێک و نیوە و تاوەکو 45 ساڵیش دەژین.
 
کارینی تەمەن 64 ساڵ، لە هەشتاکانی سەتەی بیستەم دەستیکردووە بە توێژینەوە بۆ رزگارکردنی ئەو جۆرەی مەیموون لە لەنێوچوون.
 
کارین ستریەر، زیندەوەرناس دەڵێت، "لە ساڵی 1982 بۆ یەکەمجار لە ژیانم موریکیویم بینی، بینینی چێژبەخش بوو. دڵگیربوو. قوتابخانەم تەواو کرد و پڕۆژەیەکم بۆ کۆکردنەوەی پارە راگەیاند و لە حوزەیرانی 1983 هاتمەوە ئێرە، چواردە مانگ مامەوە و زۆر شت فێربووم. هەموو شتێک دەربارەی موریکوی سوپرایز بوو بۆ من."
 
کارین لەم رێگە سەختەدا بە تەنیا نییە، لەگەڵ فێرناندای هاوڕێی نزیکەی 950 هێکتار زەوییان لە دارستانەکانی ئاتلانتیک بۆ کۆکردنەوەی مەیموونی موریکی تەرخان کردووە. لەوێوە چاودێری دەکرێت و کەشی زاوزێیان بۆ دەڕەخسێندرێت کە مێینەکەیان هەر سێ ساڵ جارێک وەچە دەخاتەوە.
 
لێکترازان و کەم وەچەخستنەوە لەپاڵ گۆڕانی کەشوهەوا وایانکردووە، ژمارەیان بەردەوام کەم ببێتەوە.
 
فێرناندا تاباکۆو، زیندەوەرناس دەڵێت، "ئەم بۆشاییەمان دروستکرد کە پێکهاتەی سرووشتیی هاوشێوەی دارستانی هەیە، بۆئەوەی بتوانین سرووشت و تایبەتمەندیی مەیموونەکە بپارێزین، چونکە کاتێک پۆلێکیان باش یەکدەگرن، دەیانهێنینە نێو ئەم بۆشاییە بۆئەوەی ئازادانە گەشە بکەن و بژین."
 
خاتوو کارین بەردەوام بەشداری لە کۆڕ و سیمینار دەکات و هۆشیاری لەوبارەیەوە بڵاودەکاتەوە. هەوڵەکانی 40 ساڵی رابردوویان بەرهەمی هەبووە، ژمارەی مەیموونەکان لە 50 مەیموونەوە بۆ 232 زیادیکردووە.