ناوەندی گەشەپێدانی چیا: تاوەکو کۆتایی ئەم سەدەیە 80%ی سەهۆڵبەندانەکانی هیمالایا دەتوێنەوە

 
رووداو دیتجیتاڵ

لە دۆڵی شۆنتەرە لە کشمیری پاکستان ئاوێکی سازگار هەڵدەقوڵێت، بەڵام ئاوە سازگارەکە لەژێر زەوییەوە هەڵناقوڵێت، بەڵکو لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوایە، کە بوونەتە هۆی توانەوەی سەهۆڵبەندانی ئەو دۆڵە.
 
د. سەردار محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی گۆڕانی کەشوهەوای پاکستان دەڵێت، "سەهۆڵبەندانەکانی ئازاد کشمیر لە سەرەتای دوو هەزارەکاندا 15 هەزار هێکتار بوون، ئێستا 11 هەزارە. نزیکەی 4000 هێکتار تواوەتەوە و ئەوەش کارەساتە."
 
لە پاکستان لە ساڵی 2018وە، زیاتر لە 3000 رووبار بەهۆی توانەوەی سەهۆڵبەندانەکانەوە دروستبوون.
 
بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی چیا، ئەگەر رێکاری پێویست بۆ گۆڕانی کەشوهەوا نەگیرێتەبەر، تاوەکو کۆتایی سەدە، 80%ی سەهۆڵبەندانەکانی چواردەوری زنجیرە چیای هیمالایا دەتوێنەوە.
 
توانەوەی ئەو سەهۆڵبەندانە تەنیا کاریگەریی لەسەر پاکستان نابێت، بەڵکو کاریگەریی لەسەر سریلانکا و شوێنی دیکەش هەبووە، بە نموونە لە گوندی سۆدواوا لە رۆژئاوای سریلانکا بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاوە، لە چەند ساڵی رابردوودا 100 خانوو کەوتوونەتە ژێر ئاوەوە.
 
نیشانسا، ماسیگر باس لەوە دەکات، "لەم کەناراوە ماڵێکی زۆر هەبوون. ئەو رۆژانە تێپەڕین و دەریاکە نزیکەی 500 مەتر خاکی داپۆشیوە. خەڵک ئێستا دەترسن بە ئۆتۆمبێل بە نزیک دەریاکەشدا بڕۆن."
 
بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە ساڵانە 750 ملیار تۆن لە بەستەڵەک و سەهۆڵبەندانەکان دەتوێنەوە. لە دوو سەدەی رابردوودا، بەهۆی توانەوەی بەشێکی بەستەڵەک و سەهۆڵبەندانەکان ئاستی دەریا 21% زیادیکردووە.
 
بەگوێرەی ناسا، لە 143 ساڵی رابردوودا پلەی گەرمیی زەوی 1.1 پلەی سیلیزی بەراورد بە پێش شۆڕشی پیشەسازی بەرزبووەتەوە. ئەگەر دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا چارەسەر نەکرێت؛ هۆشدارییەکان بەو جۆرەن تاوەکو ساڵی 2100 بگاتە 4 پلەی سیلیزی. یەکێک لە چارەسەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2030 دەردانی گازە زیانبەخشەکان بە رێژەی 55% کەمبکرێنەوە.