ئەفسەرێکی ئۆکراینا: رووسیا چەکی قورسی هەیە و ئێمە تەنیا تۆپ و تانک 'ئەمە بێهیوامان دەکات'

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی دۆنباسی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا لەنزیک هێزەکانی رووسیا و کۆماری دانپێدانەنراوی دۆنێتسک، ئایرینیا رایباکۆڤا، ئەفسەری سوپای ئۆکراینا دەچێتە سەر شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێكی رووسی کە نەتەقیوەتەوە، بەڵام ترس لە دڵیدا نیشتووە.
 
ئایرینیا رایباکۆڤا، ئەفسەری سوپای ئۆکراینا دەڵێت، "ئەمە مووشەکی جۆری تۆچکا-یوو-ی رووسییە. رووسەکان بەکاریدەهێنن بۆ ترساندنی ئێمە. بە چڕی بۆردوومانی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتمان دەکەن. ئەوان چەکی زۆر قورس دژ بە ئێمە بەکاردەهێنن."
 
جگە لە توانا مووشەکییەکانی، هاوکات رووسیا کۆنترۆڵی ئاسمانی ئۆکراینا دەکات و هێزە ئۆکراینییەکانی دەستەوەستان کردووە.
 
ئایرینیا رایباکۆڤا ئاماژە بەوە دەکات، "لەم کاتەدا ئێمە توانای ئەوەمان نییە پاشەکشە بە هێزەکانی رووسیا بکەین، ئەوان چەکی قورس و بەهێزیان هەیە و ئێمە تەنیا تۆپ و تانکمان هەن، ئەمە بەڕاستی بێهیوامان دەکات."
 
ئۆکراینا، رووسیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە بە هەڕەمەکی تۆپبارانی ناوچەکانی نیشتەجێبوون دەکات.
 
کیێڤ دەڵێت، تۆقاندنی خەڵک بەشێكە لە ستراتیجییەتی شەڕی رووسیا.
 
ڤادیم، دانیشتووی بارڤینکۆڤ دەڵێت، "ئەوان بەم جۆرە بۆردوومانی ناوچەکانمان دەکەن، هەفتەیەکە بۆردوومانەکانیان چڕ کردووەتەوە، خەڵکێکی زۆر ترساون و تەنانەت سەربازەکانیش نیگەرانن."
 
دوایین گرتەی ڤیدیۆیی وەزارەتی بەرگری رووسیا کە بڵاویکردووەتەوە، تێیدا نوێترین مووشەکی جۆری ئەسکەندەری مامناوەند لە شوێنێکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بەکارهێناوە.