سەلوان مۆمیکا سوێدی جێهێشت

رووداو دیجیتاڵ

ئەو پەناخوازە عێراقییەی ساڵی رابردوو لە سوێد چەندجارێک قورئانی پیرۆزی سووتاند، رایگەیاند سوێدی بەجێهێشتووە و ئێستا لە نەرویجە.
 
رۆژی چوارشەممە، سەلوان مۆمیکا، ئەو پەناخوارە عێراقییەی ساڵی رابردوو چەندین جار کۆپی قورئانی پیرۆزی سووتاند، بە ئاژانسی ئەی ئێف پی راگەیاندووە کە سوێدی بەجێهێشتووە و چووەتە نەرویج و لەوێ پلانی هەیە داوای مافی پەنابەریێتی بکات. 
 
مۆمیکا دەڵێت "سوێدم بەجێهێشت، بەهۆی ئەو سەرکوتکارییەی لەلایەن دەزگە حکومییەکانی سوێدەوە رووبەڕووی دەبوومەوە."
 
کردەوەکانی مۆمیکا شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی لە جیهانی ئیسلامیدا بەدوای خۆیدا هێنا و لە مانگی تەممووزی رابردوو، لە بەغدا خۆپێشاندەران هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق و سووتاندیان. 
 
لەبەرامبەردا، حکومەتی سوێد سەرکۆنەی سووتاندی کۆپی قورئانی کرد، بەڵام جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە یاسای سوێد رێگە بە ئازادی رادەربڕین و گردبوونەوە دەدات. 
 
دواتر لە 26ـی تشرینی یەکەمی پار، فەرمانگەی کۆچی سوێد بڕیاری دا سەلوان مۆمیکا، ئەو پەناخوازە عێراقییەی چەندجارێک قورئانی پیرۆزی سووتاند، لەو وڵاتە دەربکات و لەدوای رۆژی 16ـی نیسانی ئەمساڵەوە لە سوێد نەمێنێت و مافی مانەوەی بۆ نوێ نەکرێتەوە. هەروەها دەسەڵاتدارانی سوێد بڕیاریاندا کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ رێگەی پێنەدەن سەردانی سوێد بکات.
 
مانگێک پێش ئەو بڕیارە، بە فەرمی حکومەتی عێراق داوای دیپۆرتکردنەوەی مۆمیکای لە حکومەتی سوێد کرد. 
 
لەبارەی بڕیاری بەجێهێشتنی سوێد، مۆمیکا دەڵێت "سوێد ببووە هەڕەشە بۆ سەرم لەدوای بڕیاری دەرکردنم و هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەم بۆ عێراق."
 
هەروەها ئەو پەناخوازە عێراقییە، رایگەیاند مافەکانی مرۆڤی و پاراستنی ئازادی رادەربڕین لە حکومەتی سوێد بانگەشەی بۆ دەکات "درۆیەکی گەورەیە."
 
سەلوان مۆمیکای تەمەن 37 ساڵ، لەدایکبووی شارۆچکەی حەمدانییە (قەرەقووش)ـی زۆرینە کریستیاننشینی سەر بە پارێزگای نەینەوایە. خۆی بە نووسەر و بیرمەند و چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ دەناسێنێت، هەرچەندە لە نەتەوەی سریانە، بەڵام لە ساڵی 2019ـوە خۆی وەکو 'بێ دین' ناساندووە.