ناتۆ قسەکانی ماکرۆن لەبارەی ناردنی سەرباز بۆ ئۆکراینا رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
قسەکانی سەرۆککۆماری فەرەنسا لەبارەی ئەوەی کە بە "دووری نازانن" سەرباز بنێرنە ئۆکراینا بۆ ئەوەی دژی رووسیا شەڕبکەن، لە لایەن ئەڵمانیا و ناتۆوە رەتکرانەوە. 
 
دوای کۆبوونەوەی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 20 وڵاتی ئەوروپی و بەرپرسانی دیکەی رۆژئاوایی لە پاریس، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، رۆژی دووشەممە گوتی، "ئەمڕۆ هیچ کۆدەنگییەک نییە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی سەرباز بنێرین، بەڵام بە پێی گۆڕانکارییەکان، هیچ شتێک بەدوور نازانرێت".
 
بەڵام بەرپرسانی ناتۆ و وڵاتە ئەندامەکانی دەڵێن، هیچ پلانێکیان نییە لە داهاتوویشدا هێز بنێرنە ئۆکراینا. 
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لەو بارەیەوە بە رۆژانەمەڤانانی گوت، "ئەوەی لە سەرەتاوە لەنێوان خۆمان و لەگەڵ یەکدی لەسەری رێکەوتووین، لە داهاتووشدا جێبەجێدەکرێت. هیچ سەربازێک لە لایەن وڵاتانی ئەوروپی یان ناتۆوە نانێردرێتە نێو ئۆکراینا".
 
هاوکات بەرپرسێکی ناتۆ کە نەیویست ناوی بهێندرێت، رایگەیاند، "ناتۆ و هاوپەیمانەکانی پشتیوانیی سەربازیی بێوێنە بۆ ئۆکراینا دابین دەکەن، بەڵام هیچ پلانێک نییە سەربازی ناتۆ لە ئۆکراینا جێگیربکرێت".
 
بەریتانیاش لەو بارەوە قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەک سەربازی لە ئۆکراینا هەیە، بەڵام زیاتریان ناکەن.  
 
گوتەبێژی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی سێشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت، "بەریتانیا کۆمەڵێکی بچووکی هێزەکانی لە وڵاتەکەدا هەیە کە پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا دەکەن، لەنێویاندا بۆ راهێنانی پزیشکی".
 
گوتەبێژەکە راشیگەیاند، "هیچ پلانێکمان نییە هێزێکی بەرفراوان جێگیر بکەین".
 
ماکرۆن رەتیکردەوە هیچ وردەکارییەک ئاشکرا بکات لەسەر ئەوەی کام وڵات بیر لە ناردنی هێز دەکاتەوە، بەڵام گوتی، "هەموو شتێکی پێویست دەکەین بۆ ئەوەی رووسیا نەتوانێت جەنگەکە بباتەوە".
 
هەر لەو بارەوە رۆژی سێشەممە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا لە بارەی ئەگەری ناردنی سەربازی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا گوتی، "بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانەدا نابێت، پێویستە لەوە ئاگادار بن."
 
پێسکۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆی ئەو وڵاتانە لەبارەی ناردنی سەرباز "پێشهاتێکی نوێیە".
 
ماکرۆن رۆژی دووشەممە گوتی، "بڕوامان وایە کە بەزاندنی رووسیا بۆ ئاساییش و سەقامگیریی ئەوروپا پێویستە"؛ باسی لەوەش کرد کە رووسیا "هەڵوێستێکی تووندتر پیشان دەدات، نەک تەنیا لە ئۆکراینا بەڵکو بەگشتی".
 
رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیاش ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەک وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ بژاردەی ناردنی سەرباز بۆ ئۆکراینا هەڵدەسەنگێنن. 
 
ماکرۆن گوتی، "زۆر لەوانەی ئەمڕۆ دەڵێن 'هەرگیز، هەرگیز' هەمان ئەوانەن کە دوو ساڵ لەمەوبەر دەیان گوت 'هەرگیز تانک نانێرین؛ هەرگیز فڕۆکە نانێرین؛ هەرگیز مووشەکی دوورمەودا نانێرین".