لێدوانی کۆمیسیۆنی ئەورووپا بۆ رووداو لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا

رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەسەر ئامادەکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ سووککردنی سزاکانی سەر سووریا رێکبکەون.
کایا کاڵاس، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئەمڕۆ دووشەممە 27-01-2025 پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل بە زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوە بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ سووککردنی سزاکانی سەر سووریا رێکبکەون.
جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا گوتیشی، "روونە ئێمە هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆین؛ بۆیە بە هەڵگرتنی هەندێک سزا دەستپێدەکەین، ئەوانیش پێویستن بۆ بونیاتنانەوەی وڵاتەکە، دواتر ئەگەر بینیمان هەنگاوەکانیان بە ئاراستەی ئەرێنی دەڕۆن، ئێمەش ئامادە دەبین هەنگاوی دیکە بنێین."
هاوکات مارگس تساکنا، وەزیری دەرەوەی ئیستۆنیا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەوەی لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا لە سووریا روویدا گرنگ بوو، چونکە ئەو ئاماژەیەی دەرخست کە دەکرێت کۆتایی بە دەسەڵاتی "دیکتاتۆرییەت" بهێندرێت.