لە هیندستان بە لمی کەناراوەکان و 2 تۆن پیاز پەیکەرێکی سانتاکلۆز دروست دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

لە هیندستان هونەرمەندێک بە هاوکاریی 32 خوێندکاری کۆلێژی هونەرەجوانەکان لە رێگەی لمی کەناراوەکان و دوو تۆن پیاز پەیکەرێکی زەبەلاحی سانتاکلۆز لە کەناراوەکانی بلوو فلاگ لە ئۆدیشای ئەو وڵاتە دروست دەکەن.
 
ئامانج لەو کارە گەیاندنی یەک پەیامە، سودارشان پاتانیک، ئەو هونەرمەندەیە و لەبارەی پرۆژەکەیەوە دەڵێت، "سەوزایی بچێنن، چونکە بەمشێوەیە زەوییەکەمان سەوز دەبێت، ئێمەش پێویستمان بە سەوزایی زۆرە، چونکە هەموومان دەزانین گۆڕانی کەشوهەوا چۆن کاری لە جیهانەکەمان کردووە."
 
سودارشانی هونەرمەندی نێوداری هیندستانی، لەگەڵ خوێندکارەکانی بە بەردێک دوو چۆلەکەی کوشت. پەیامە ژینگەییەکەی گەیاند، هاوکات، ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد لە دروستکردنی گەورەترین پەیکەری سانتاکلۆز لە لم و پیاز.
 
سودارشان پاتانیک گوتی، "زۆر شانازی بە کارەکەمانەوە دەکەین، چونکە رێکخەرانی کتێبی پێوانەییەکانی هیندستان ئەم شانازییەیان پێ بەخشیوین و ئەمەیان وەکو ژمارەی پێوانەیی نێوبردووە. چونکە ئەمە گەورەترین پەیکەری دروستکراوی سانتاکلۆزە لە پیاز و لم."
 
دروستکردنی ئەم پەیکەرە هاوکاتە لەگەڵ بۆنەی کریسمس و سەری ساڵی زایینی. پەیکەرەکە 100 مەتر درێژە، شەش مەتر بەرزە و 12 مەتر فراوانە، مامۆستا و 32 خوێندکارەکەی بە میدالیا و بڕوانامە خەڵاتکران.
 
ئەمە یەکەم کاری ناوازەی هونەرمەندەکە نییە، لە 2017دا لەگەڵ 45 لە خوێندکارەکانی ژمارەی پێوانەیی گینسیان شکاند بە دروستکردنی کۆشکێکی 14 مەتر بەرز لە لم لە کەناراوەکانی پووری لە رۆژهەڵاتی هیندستان.