بڕیارە تەقەکەرەکەی پاریس بچێتە بەردەم دادوەر
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ تەقەکەرەکەی پاریس بچێتە بەردەم دادەوەر، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەروونی، رەوانەی نەخۆشخانە کرابوو.
رۆژی دووشەممە 26ـی کانوونی یەکەمی 2022، بەرپرسانی فەرەنسا رایانگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ تەقەکەرەکە بچێتە بەردەم دادوەر بۆ ئەوەی بڕیاربدات "ئایا تۆمەتی ئاراستە بکرێت یانیش نا."
رۆژێک پێشتر، پیاوە تەمەن 69 ساڵەکە دانی بەوەدا نابوو کە بەهۆی "رق لە بیانییەکان" هێرشیکردووەتە سەر ناوەندە کوردییەکە، کە بووە هۆی کوژرانی سێ کوردی باکووری کوردستان. دوای ئەوەی رۆژێکی بۆ "وەرگرتنی چارەسەری دەروونی" لە نەخۆشخانە بەسەربرد، رۆژی یەکشەممە گەڕێندرایەوە گرتووخانە.
رۆژی هەینی 23-12-2022، هاووڵاتییەکی فەرەنسی لە ناوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تەقەی لە ناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک کرد، لە ئەنجامدا سێ کورد کوژران و سێی دیکەش برینداربوون.
رۆژی شەممە، 24ـی کانوونی یەکەم، داواکاری گشتیی پاریس ماوەی دەستبەسەریی بکوژە تەمەن 69 ساڵە سپیپێستە فەرەنسییەکەی بە 24 کاژێر درێژکردەوە و تۆمەتی جووڵانەوە بە "پاڵنەری نەژادپەرست"یشی لە دژی زیادکرد. جگە لەوە، تۆمەتی کوشتن، هەوڵدان بۆ کوشتن، تووندوتیژیی چەکداری و پێشێلکردنی یاسای چەکی دراوەتە پاڵ.
چەکدارەکە، کە پێشینەی لەگەڵ تووندڕەویی نەژادپەرستیدا هەیە، لە سەرەتادا هێرشیکردبووە سەر ناوەندی ئەحمەد کایا و دواتر سەرتاشخانەیەک، لە کاتی پڕکردنەوەی چەکەکەی، خەڵکی نێو سەرتاشخانەکە دەستگیریانکردووە و رادەستی پۆلیسیان کردووە.
تەقەکەرەکە، کە میدیای فەرەنسی دەڵێت، ناوی "ویلیام"ــە، چەکی هەبووە و پێشتر بەو تۆمەتە سزا دراوە و تەنیا 11 رۆژ پێش رووداوەکە بە کەفالەت ئازادکرابوو. شۆفێرە خانەنشینکراوەکەی شەمەندەفەر، بەهۆی تووندوتیژیی چەکداری لە ساڵی 2016 لەلایەن دادگەیەکی پاریسەوە حوکمدرابوو، بەڵام دواتر پێداچوونەوە بۆ حوکمەکەی کرابوو. ساڵێک دوای ئەوە، بەهۆی هەبوونی چەکی نایاسایی، دووبارە سزای بۆ دەرکرابوو.