شاندێکی حەماس لە مۆسکۆیە بۆ تاوتوێکردنی ئازادکردنی بارمتەکان
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، بەرپرسانی حەماس و ئێران سەردانی مۆسکۆیان کردووە. میدیای رووسی دەڵێت، "ئامانج لە سەردانەکە تاوتوێکردنی ئازادکردنی بارمتە بیانییەکانە کە هاووڵاتیانی رووسیشیان لە نێودایە."
میدیای رووسیا دەڵێت، مووسا ئەبو مەرزووق، سەرکردەی باڵای حەماس لەنێو شاندەکەدایە. رووسیا لەگەڵ ئەو سەرکردەیە لە پەیوەندیدابووە بۆ ئازاکردنی بارمتە بیانییەکان کە لە دوای هێرشی 7ی تشرینی یەکەم دەستگیرکراون و بردراونەتە کەرتی غەززە.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رۆژی پێنجشەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، عەلی باقری، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە مۆسکۆیە، پشتڕاستیشیکردەوە کە شاندێکی حەماسیش لەوێیە.
رووسیا پەیوەندیی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ململانێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە، لە نێویاندا ئیسرائیل، ئێران، دەسەڵاتی فەلەستین و حەماس.
مۆسکۆ چەندین جار هۆکاری شەڕەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ شکستهێنانی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە ناوچەکە و داوایکردووە کە ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل رابگەیێندرێت.
هاوکات، حەماس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا پەسنی هەوڵەکانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە "تاوانەکانی ئیسرائیل کە لە لایەن رۆژئاواوە پشتیوانیدەکرێن."
ئیسرائیل هەڕەشەی سڕینەوەی حەماس دەکات لە بەرامبەر هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی گرووپە چەکدارەکەی غەززە بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری کەرتە فەلەستینییەکە، کە بووە هۆی کوژرانی هەزار و 400 کەس.
ئیسرائیل بە بۆردوومان و تۆپبارانی چڕی سەر کەرتی غەززە وەڵامی ئەو هێرشەیان دایەوە، هەروەها گەمارۆی ئاو، خۆراک، سووتەمەنی و کارەبای خستە سەر کەرتەکە کە 2.3 ملیۆن کەس تێیدا دەژین. ئێستاش ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 26-10-2023، وەزارەتی تەندروستی غەززە بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە حەوت هەزار و 28 کەس کوژراون و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون. لەنێو کوژراوەکاندا دوو هەزار و 913 منداڵ، هەزار و 709 ژن و 397 بەتەمەن هەن.
لە کەرتی غەززە نزیکەی 45٪ی باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوون بە تەواوەتی خاپوورکراون یان زیانیان بەرکەوتووە، ئەوە جگە لە هێرشکردنە سەر 219 دامەزراوەی دیکەی پەروەردەیی. هاوکات، نزیکەی 1.4 ملیۆن کەسی کەرتی غەززە ئاوارە بوونە و 101 کارمەندی تەندروستیش کوژراون. بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیلیش لەو ماوەیەدا زیاتر لە هەزار و 405 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و نزیکەی پێنج هەزار و 431 کەسی دیکەش برینداربوون.
لەنێو کوژراوەکانی ئیسرائیلدا 366 سەرباز و پۆلیسی ئیسرئیلی هەن. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لەو ماوەیەدا لە کەرتی رۆژئاوا بەهۆی پێکدادان و گرژییەکانەوە 103 کەس کوژراون، هەزار و 836 کەسی دیکەش برینداربوون و هەزار و 450 کەسی دیکەش دەستگیرکراون.