ئەمریکا هۆشداریدەداتە کۆریای باکوور: یەک تاقیکردنەوەی دیکەی ئەتۆمی، وەڵامی بێ وێنەمان دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور هۆشداریدەدەنە کۆریای باکوور ئەگەر یەک تاقیکردنەوەی دیکەی ئەتۆمی ئەنجامبدات، وەڵامێکی بدەنەوە لە رابردوودا وێنەی نەبووبێت.
چۆ هیون دۆنگ، جێگری یەکەمی وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور لە تۆکیۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژانەڤانی هاوبەشدا، بەناوی هەرسێ وڵاتەکە هۆشداری دەدات لەوەی کۆریای باکوور مووشەکی ئەتۆمی حەوتەم تاقیبکاتەوە، وەڵامێکی بێ وێنەی بدەنەوە.
پێشتر پیۆنگیانگ شەش مووشەکی ئەتۆمی لە ماوەی ساڵێکدا تاقیکردووەتەوە و بەشێک لە مووشەکەکانی هاویشتوونەتە ناوچە ئاوییەکانی کۆریای باشوور و ژاپۆن.
چۆ هیون دۆنگ لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە لە پاڵ هەریەک لە هاوتا ئەمریکی و ژاپۆنییەکە ئەم هەڕەشەیەی کرد.
وێندی شێرمان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش گوتی، "داوا لە کۆریای باکوور دەکەین دان بەخۆیدابگرێت لە هەر هەڵچوونێکی دیکە"، تاقیکردنەوە مووشەکییەکانیشی بە "بێباکانە و تێکدانی خراپی سەقامگیری ناوچەکە" ناوبرد.
کۆریای باکوور وەک ناڕەزایەتی مەشق و مانۆڕە هاوبەشە سەربازییەکانی ژاپۆن و ئەمریکا و کۆریای باشوور ئەم تاقیکردنەوانە ئەنجامدەدات؛ هەفتەی رابردوو، سەدان تۆپهاوێژی هاویشتە ناوچە ئاوییەکانی کۆریای باشوور و گوتی: ئەم تۆپانە ئاگادارکردنەوەی تووندن بۆ دراوسێکەمان.
لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، کەشتی جەنگی رۆناڵد رەیگن لەگەڵ لە پاڵ ژمارەیەک کەشتی دیکەی جەنگی کۆریای باشوور مەشقێکی سەربازییان ئەنجامدا، ئەو مەشقە وەڵامێک بوو بۆ تاقیکردنەوەیەکی مووشەکی بالیستی کۆریای باکوور، ئەمەیان یەکەمین بەشداریپێکردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی بوو لە ساڵی 2017ەوە.