ئۆپۆزیسیۆنی ئەڵمانیا داوا دەکات حکومەت ساڵانە لە 200 هەزار پەناخواز زیاتر وەرنەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەڵمانیا داوا لە حکومەتی ئەو وڵاتە دەکەن ساڵانە زیاتر لە 200 هەزار پەناخواز وەرنەگرێت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی ئاب، 205 هەزار پەناخواز داوای پەنابەریێتیان لە ئەڵمانیا کردووە؛ لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا نزیکەی 48 هەزار پەناخوازی نوێ داوای مافی پەنابەریێتیان کردبوو.
زۆرترین پەناخواز کە داوای ئەو مافەیان لە حکومەتی ئەڵمانیا کردبێت، ساڵی 2016 بوو، 720 هەزار پەناخواز کە زۆربەیان سووریایی و عێراقی بوون روویان کردە ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەریێتییان کرد.
هاوپەیمانی هەردوو پارتی کۆنسەرڤاتیڤ "سی دی یوو و سی ئێس یوو"ـی ئۆپۆزیسیۆن داوا لە حکومەت دەکەن سەقفێک بۆ وەرگرتنی پەناخوازان دابنێت، کە ساڵانە لە 200 هەزار کەس تێنەپەڕێت.
مارکوس سۆدەر، سەرۆکی پارتی یەکێتیی سۆسیال کریستیان، کە هاوکات وەزیری یەکەمی هەرێمی باڤاریایە رایگەیاند "ئێمە، دەمانەوێت هاوکاریی پەناخوازان بکەین، بەڵام دژی هاتنی ناڕێکخراوی کۆچبەرانین بۆ ئەڵمانیا؛ وڵاتەکەمان ئێستا تا سەر لێوار پڕ بووە لە پەناخواز، چیدیکە ناتوانرێت لەو بارودۆخەدا پەناخوازەکان تێکەڵ بە کۆمەڵگەی ئەڵمانی بکرێن، چونکە تێکەڵکردن پێویستی بە ئامراز و پارە و ژێرخانە."
گوتیشی "بەهۆی زۆریی ژمارەی پەناخوازان، بەرپرسانی کاروباری کۆچبەران لە سەرانسەری وڵات لەژێر گوشاری دابینکردنی ماڵ، قوتابخانە و ناوەندە تەندروستییەکاندان بۆ ئەو پەناخوازنە."
سۆدەر بە شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیای گوت "سەقفی 200 هەزار پەناخواز لە ساڵێكدا دوا سنووری تواناکانی حکومەتە بۆ کۆنترۆڵکردن و رێکخستنی پرسی پەناخوازان."
نانسی فەیسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە چاوپێکەوتنێكی میدیاییدا وەڵامی ئەو داوایەی ئۆپۆزیسیۆنی دایەوە و گوتی "ئەڵمانیا پابەندی یاسای ئەوروپا و یاسای نێودەوڵەتییە و ناتوانین سنوورێك بۆ وەرگرتنی ژمارەی پەناخوازان دابنێین، بەڵام بەڵێن دەدەین کۆنترۆڵی سنوورەکانمان بەهێز بکەین تاوەکو رێگری لە هاتنی کۆچبەران بکەین و بەرپەرچی قاچاخچییان بدەینەوە."