لە دوو رۆژدا زیاتر لە 50 نەهەنگ لە کەناراوەکانی ئوسترالیا مردار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە کەناراوەکانی رۆژئاوای ئوسترالیا کێبڕکێ لەگەڵ کاتدا دەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی نزیکەی 100 نەهەنگ بۆ نێو دەریا و رزگارکردنیان لە مردن.
خۆبەخشەکان سەرەتا هەوڵدەدەن بێچووە نەهەنگەکان رزگاربکەن، چونکە گەورەکان کێشیان لە 100 تۆن زیاترە و گەڕاندنەوەیان بۆ نێو دەریا، ئەرکێکی زۆر سەختە.
یەکێک لە خۆبەخشەکان لە کەناری چێینس لە ئوسترالیا دەڵێ، "دەمانەوێ لەلایەکەوە دەستپێبکەین؛ یەکەمجار بچووکەکان فڕێدەینەوە نێو دەریا. ئەوان هەوڵدەدەن بێنەوە دەرەوە، سرووشتیان وایە."
لە دوێنێوە زیاتر لە 50 نەهەنگ مردوون و کەناراوەکانی چێینس بوونەتە گۆڕستانی نەهەنگەکان.
ریس ویتبی، وەزیری ژینگەی رۆژئاوای ئوسترالیا سەبارەت بە مرداربوونی نەهەنگەکان دەڵێ، "ئەوەی دەیبینین زۆر ناخۆشە، کارەساتە، تراژیدیایە کە ئەم نەهەنگانە بە مردوویی لە کەناراوەکاندا دەبینین."
نەهەنگەکان بەهۆی نەخۆشی، برین، کەشوهەوای خراپ یان راوکردن لە تەنکاوکان دەکەونە کەناراوەکان و زۆرجاریش سەرقافڵەکەیان رێیان پێ هەڵە دەکات.
هەموو ساڵێک نزیکەی 2000 نەهەنگ لە کەناراوەکان گیردەخۆن و زۆربەیان دەمرن.