ئۆتۆمبێلێک لە لەندەن خۆی بە پەرژینی نووسینگەی سەرۆکوەزیراندا دەکێشێت

رووداو دیجیتاڵ
 
ئۆتۆمبێلێک خۆی بە پەرژینی شەقامی داونینیگی لەندەندا دەکێشێت کە نووسینگەی سەرۆکوەزیران و چەند دامەزراوەیەکی دیکەی حکومیی لێیە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی ئایاری 2023، پیاوێک بە ئۆتۆمبێلێکی بچووکی سپیەوە خۆی بە پەرژینی شەقامی داونینگدا کێشا لە لەندەن، شەقامەکە ئۆفیسی سەورۆکوەزیرانی بەریتانیا و  چەند دامەزراوەیەکی دیکەی حکومی لێیە و چەند مەترێک لە پەرلەمانی وڵاتەکەوە دوورە.
 
شۆفێرەکە دەستبەجێ دەستگیرکراوە و روون نییە کە لەو ساتەدا ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەوێ بووە یان نا. 
 
لەدوای رووداوەکە ژمارەیەکی زۆری پۆلیس لە شەقامەکە ئامادەبوون و لە ئەگەری مەترسیی هێرشکردنە سەر دامەزراوە حکومییەکان بۆ ماوەی چەند کاژێرێک لە شوێنەکە مانەوە. 
 
کاژێر 06:20ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر و کاژێر 04:20 بە کاتی لەندەن رووداوەکە روویداوە. پۆلیسی لەندەنیش لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند کە شۆفێرەکەیان بە تۆمەتی خێرا لێخوڕین و  تاوانکردن دەستبەسەر کردووە.