توركیا بۆ كڕینی S400 گرەو لەسەر هەڵوێستی نەرمی ترەمپ دەكات
رووداو -هەولێر
حكومەتی توركیا دەیەوێ لە رێگەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكاوە خۆی لە سزاكانی ئەمریكا بەدووربگرێ كە چاوەڕێ دەكرێ واشنتن بەهۆی كڕینی سیستەمی دژەمووشەكی S400 لە رووسیا، بەسەر ئەنقەرەیدا بسەپێنێ، بەڵام شارەزایان و بەرپرسانی ئەمریكی پێیانوایە ترەمپ ناتوانێ بەرپەرچی هەموو ئەو ناڕەزایەتییانە بداتەوە كە لە واشنتن بەرامبەر ئەنقەرە هەن.
هەفتەی رابردوو ژمارەیەك وەزیری توركیا سەردانی واشنتنیان كرد بۆ ئەوەی لە گرژیی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كەم بكەنەوە. كۆبوونەوەكە دوو مانگ پێش گواستنەوەی سیستەمە مووشەكییەكە بۆ توركیا هات و تێیدا تیمە توركییەكە لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكاش كۆبوونەوە.
بەرپرسێكی باڵای حكومەتی توركیا بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی راگەیاند "سیگناڵەكان وا دەردەخەن كە ترەمپ هەڵوێستێكی نەرمتری هەیە لەچاو كۆنگرێس. بێگومان پێویستە كۆمەڵێك هەنگاو بنێین، بەڵام هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی بۆچوونی هاوبەش بەردەوامن". پاتریك شەنەهان، وەزیری بەرگریی ئەمریكا بە وەكالەت جەختی كردەوە لەوەی هەردوو لایەن لە بڕیاری كۆتایی لەبارەی كێشەكە نزیك بوونەتەوە.
پێشتر ئەمریكا هەڕەشەی كردبوو كە ئەگەر توركیای ئەندامی ناتۆ سیستەمە دژەمووشەكییەكە لە رووسیا بكڕێت، ئەوە رووبەڕووی سزا دەكرێتەوە. ئامانج لە كۆبوونەوەكەی هەفتەی رابردوو ئەوە بوو ترەمپ قایل بكەن دەسەڵاتی سەرۆكایەتی خۆی بەكاربهێنێ و توركیا لە سزاكانی ئەمریكا بپارێزێ.
سزاكانی ئەمریكا لە چوارچێوەی یاسایەكدان كە ساڵی 2017 دەرچووە و بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی دژبەرانی ئەمریكا لە رێگەی سەپاندنی سزا ناسراوە. سزاكان پیشەسازیی سەربازی و بەرگریی رووسیا و كڕیارەكانی چەكی ئەو وڵاتە دەكاتە ئامانج. ئیبراهیم كاڵن، گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، رۆژی سێشەممە لە واشنتن بە پەیامنێرانی راگەیاند: "ئەنقەرە چاوەڕێ دەكات ترەمپ دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێ" تاوەكو ئەو یاسایە توركیا نەگرێتەوە.
ترەمپ خۆی كەیفی بە یاساكە نایەت و دوو ساڵ لەمەوبەریش بە نابەدڵی واژۆی كردووە. كۆنگرێس ساڵی رابردوو لەسەر داوای وەزیری پێشووی بەرگریی ئەمریكا رەزامەندی دەربڕی هەندێك وڵات بەهۆی كڕینی چەك لە رووسیاوە سزایان بەسەردا نەسەپێنرێ، لەوانەش هیندوستان، ڤێتنام و ئیندۆنیسیا، ئەو كات وەزارەتی بەرگری رایگەیاندبوو ئەو وڵاتانە دەیانەوێ بەرەبەرە مامەڵە سەربازییەكانیان لەگەڵ رووسیا كەمبكەنەوە.
میدیای توركیا لەسەر زاری بەرات ئالبایراك، زاوای ئەردۆغان و وەزیری دارایی توركیاوە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە "تێگەیشتنێكی ئەرێنی لەبارەی پێویستی توركیا بە سیستەمی S400 لەلای ترەمپ دروستبووە". وەزیری بەرگری توركیا، گوتەبێژی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەنقەرەش جەختیان لەوە كردووەتەوە كۆبوونەوەكەی واشنتن بۆ ئەوە بووە تێگەیشتنێكی باشتر لەبارەی روانگەی توركیاوە لای ئەمریكییەكان دروست ببێ.
نەیل باتیە، شارەزای سزاكانی ئەمریكا لە ناوەندی ئاسایشی نوێی ئەمریكا (CNAS)لە لێدوانێك بۆ ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كاتێك كۆنگرێس باسی لێخۆشبوونی بۆ هەندێك وڵات دەكرد "هیچكەس ناوی توركیای وەك ئەوە نەهێنا كە كاندیدێكی باش بێ بۆ ئەوەی نیازپاكی پیشان بدرێ".
هیندوستان یەكێكە لەو وڵاتانەی ئەمریكا چاوپۆشی لێكردووە، بەڵام حكومەتی نیودلهی وەكو هاوپەیمانێكی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی چین سەیر دەكرێ. ئەمریكا چین بە گەورەترین مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و ئابووری خۆی دەزانێ.
چاوەڕێ دەكرێ ئەنقەرە لە مانگی حوزەیران سیستەمە مووشەكییەكەی رووسیای بەدەستبگات، بەرپرسێكی بەرگریی ئەمریكاش بە ماڵپەڕەكەی راگەیاندووە ئەگەر توركیا ئەو چەكە رووسییە وەربگرێ، دەبێ چاوەڕێی وەڵامی ئەمریكاش بكات.
توركیا بڕیارە سیستەمێكی بەرگریی ئەمریكیش بكڕێ، كە بە سیستەمی دژەمووشەكی پاتریۆت ناوی دەركردووە. كاربەدەستەكەی پێنتاگۆنیش ئاشكرای كردووە بە رێككەوتنی نێوان هەردوو لایەن توركیا لە نێوان 2020 بۆ 2024 كۆی سیستەمە ئەمریكییەكەی بەدەست دەگات، بەڵام چارەنووسی ئەو رێككەوتنەش بەستراوەتەوە بە چارەنووسی گرێبەستەكەی S400 لە نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرە.
سەرەتای ئەم مانگە مایك پۆمپیۆ لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیراندا رایگەیاند كە توركیای ئاگادار كردووەتەوە لەوەی ئەگەر سیستەمە رووسییەكە بكڕن، ئەوە لە پرۆگرامی فڕۆكەی جەنگی ئێف 35 دەردەكرێن. حكومەتەكەی ئەردۆغان بە نیازە 100 دانە لەو فڕۆكەیە بكڕێ و 1.25 ملیار دۆلاریشی لە بەرهەمهێنانی ئەو فڕۆكەیەدا وەبەرهێنان كردووە.
پۆمپیۆ لە گوتارەكەی خۆی لەبەردەم ئەنجوومەنی پیران باسی لە جۆری وەڵامی ئەمریكا نەكرد، بەڵام كۆنگرێس جەختی لەوە كردووەتەوە ئەگەر توركیا لە پلانی كڕینی سیستەمە دژەمووشەكییەكەی رووسیا بەردەوام بێ، رووبەڕووی سزا دەبێتەوە.
بەرپرسێكی ئەمریكیش بە (رۆیتەرز)ی راگەیاندووە "ئەمریكا بە روونی لایەنی توركی تێگەیاندووە كە مەترسی سزاكان راستەقینەن".
هەڕەشەی سزاكانی ئەمریكا لە كاتێكدایە كە ئابووریی توركیا بە یەكێك لە سەختترین قۆناغەكانی خۆیدا تێدەپەڕێ، ساڵی رابردوو نرخی دراوی توركیا بە رێژەی 30٪ دابەزی، ئەمساڵیش بەهاكەی بە رێژەی 10٪ی دیكە دابەزیوە. ساڵی رابردوو ئەمریكا كۆمەڵێك سزای بەسەر بەرپرسانی سیستەمی دادوەریی توركیادا سەپاند، شارەزایانی ئابووریش گرژی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو هاوپەیمانەكەی ناتۆ بە یەكێك لە هۆكارەكانی دابەزینی ئاستی ئابووری توركیا دەزانن.
بەگوێرەی راپۆرتێكی (رۆیتەرز)، كالین ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە خۆی گوێی لێ بووە ترەمپ لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بەڵێنی بە هاوتا توركەكەی داوە چارەسەرێك بۆ كێشەكە بدۆزێتەوە. ژمارەیەك بەرپرسی دیكەش جەختیان كردووەتەوە لەوەی لەو كێشەیەدا ترەمپ هاوسۆزییەكی بۆ توركیا هەیە.
بەرپرسێكی باڵای توركیا بە ئاژانسە بەریتانییەكەی گوتووە كۆبوونەوەكەی هەفتەی رابردوو "زۆر لەوەی چاوەڕێمان دەكرد پۆزەتیڤتر بوون" و ئەمریكییەكان "هەڵوێستێكی نەرمتریان هەبوو" لەچاو ئەو هەڵوێستەی لە میدیاكاندا پیشانی دەدەن.
شارەزایان پێیانوایە ئەركی ترەمپ بۆ بەرگریكردن لە توركیا ئاسان نابێ، لەبەر ئەوەی دەبێ بە كۆنگرێسی بسەلمێنێ كە كڕینی S400 ئاڵوگۆڕێكی سەربازی گەورە نییە، یەكڕیزی ناتۆ تێكنادات و كاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەكانی ئەمریكا دانانێ، هەروەها دەبێ لە نامەیەك بۆ كۆنگرێس پیشانی بدات كە توركیا لە داهاتوودا هەنگاو دەنێ بۆ كەمكردنەوەی وابەستەیی سەربازی خۆی بە رووسیا.
سۆنەر جاگاپتای، لێكۆڵەر لە پەیمانگای واشنتن، بە (رۆیتەرز)ی راگەیاندووە "بەمەحاڵی نازانم چاوپۆشی لە توركیا بكرێ، بەڵام لە واشنتن هیچ كەسێك دانی خێر بە توركیادا ناهێنێ، بۆیەش هەوڵێكی سەختی لە پێشە. یاسای (CAATSA) بەو بیرۆكەیەوە نووسراوە كە هیچ كەلێنێكی تێدا نەبێ، بۆیەش ترەمپ دەبێ كەلێنێكی زۆرباش بدۆزێتەوە". بۆ ئەوەی بە هانای توركیاوە بچێ.