نزیکەی 20 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستدا گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لانیکەم 19 کۆچبەری ئەفریقی لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای نێوەڕاستدا لە نزیک کەناراوەکانی تونس گیانیان لەدەستدا.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی ئاداری 2023، رەمەزان بن عومەر، کە بەرپرسێکی رێکخراوی مافەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتییە لە تونس رایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشن بە ئیتاڵیا لە نزیک کەناراوەکانی تونس ژێرئاو کەوتووە و بەهۆیەوە لانیکەم 19 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە.
رەمەزان گوتیشی، کە تیمەکانی سەر بە پاسەوانی کەناراوەکانی تونس پێنج کەسیان لە نزیک کەناراوەکانی شاری مەهدیەی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە رزگارکردووە، کە لە شاری سەفاقسی باشووری شاری مەهدییەوە بەڕێکەوتبوون.
جگە لەم بەلەمە، لە چوار رۆژی رابردوودا، پێنج بەلەمی دیکەی کۆچبەران لە نزیک کەناراوەکانی شاری سەفاقسی تونس ژێرئاو کەوتوون و نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و 67 کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێنن.
پاسەوانی کەناراوەکانی تونس دەڵێت، لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا، رێگرییان لە نزیکەی 80 بەلەمی کۆچبەران کردووە، کە لەو وڵاتەوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتوون و سەروو سێ هەزار کۆچبەریشیان دەستبەسەرکردووە، کە هاووڵاتیی وڵاتانی ناوچەی سەهارای ئەفریقا بوون.
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، کە لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی بەرچاوی کۆچبەران لە رێگەی تونس و دەریای نێوەڕاستەوە، لە وڵاتانی ئەفریقاوە خۆیان گەیاندووەتە ئیتاڵیا، ئەو وڵاتەی سیاسەتێکی تووندی بەرامبەر کۆچبەران گرتووەتەبەر.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئیتاڵیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 17 هەزار و 500 کۆچبەر لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە چوونەتە وڵاتەکە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، 12 هەزار کەس لەوانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتوونەتە ئیتاڵیا لە تونسەوە چوون. ئەوەش لەکاتێکدا کە ژمارەکە لە هەمان کاتی ساڵی رابردوودا هەزار و 300 کۆچبەر بوو.
مانگی رابردوو، قەیس سعەید، سەرۆکی تونس رایگەیاند، ژمارەی بەرزی کۆچبەران کە لە وڵاتانی ئەفریقاوە روو لە وڵاتەکەی دەکەن "پیلانگێڕییەکە بۆ گۆڕینی دیموگرافیا"ـی وڵاتەکەی. هاوکات، داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد هەر کۆچبەرێک کە بە نایاسایی لە وڵاتەکەی دەمێنێتەوە، دەربکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی تونس، سەروو 21 هەزار کۆچبەری وڵاتانی ناوچەی سەهارا لە وڵاتەکەدا دەژین.