ئەنتۆنی بلینکن: هاریکاری سەربازیی زیاتر پێشکێشی ئۆکراینا دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بە بەهای 350 ملیۆن دۆلار هاریکاریی سەربازی پێشکێشی ئۆکراینا دەکەن.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی شەممە 26-02-2022 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، بە بەهای 350 ملیۆن دۆلار هاریکاریی سەربازی پێشکێشی ئۆکراینا دەکەن، ئەوەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای رووسیا.
 
هەروەها باسی لەوەش کردووە، "هاریکارییە سەربازییەکانمان بۆ ئۆکراینا لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ملیارێک دۆلار بووە."
 
بەگوتەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، پاکێجی ئەمجارەی هاریکارییەکانیان کەلوپەلی سەربازی بەرگریی نوێ دەگرێتەوە بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا لە بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی زرێپۆش، فڕۆکە شەڕکەرەکان، هەلیکۆپتەر و هەڕەشەکانی دیکەی سوپای رووسیا.
 
هەر ئەمڕۆ شەممە شەڕ چووە نێو گەڕەکەکانی کیێڤ و رووبەڕووبوونەوەی تووند لە نێوان سوپای رووسیا و ئۆکراینادا روویدا، لای خۆیەوە ئۆکراینا هۆشداریدەدات لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رووسیاوە.
 
بلینکن لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، پشتیوانی گەلی ئۆکراینا دەکەن لە پاراستنی سەروەریی خاکەکەیان.