ئیدارەی بایدن محەممەد بن سەلمان بە بەرپرسیاری کوشتنی خاشوقچی دەناسێنێت


رووداو دیجیتاڵ

دوای سێ ساڵ لە کوشتنی جەمال خاشوقچی، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار ئەو وڵاتە رایگەیاند، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە رەزامەندیی داوە بۆ کوشتنی خاشوقچی لە ساڵی 2018.
 
جەمال خاشوقچی، رۆژنامەڤانێکی سعودی بوو کە وڵاتینامەی ئەمریکای هەبوو و لە ساڵی 2018 لە کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبووڵ کوژرا، دوای نزیکەی سێ ساڵ لە لێکۆڵینەوە ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار ئەمریکا محەممەد بن سەلمانی بە بەرپرسیاری دۆسیەکە ناساند.
 
لە راپۆرتێکی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی نیشتمانی ئەمریکا هاتووە: "ئێمە وایدەبینین کە محەممەد بن سەلمان پلانی گرتن یان کوشتنی جەمال خاشوقچی لە ئیستەنبووڵ پەسندکردووە".
 
لە راپۆرتەکدا سێ بەڵگە خراونەتەڕوو:
 
یەکەم: ئەو دەسەڵاتەی کە محەممەد بن سەلمان هەیبووە لە بڕیاردان لە دوای ساڵی 2017، لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە لەو کاتەوە بن سەلمان دەسەڵاتی تەواوی لە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان هەبووە و "ئەگەرێکی زۆر لاوازی هەیە کە ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە بەبێ سەرپەرشتی ئەو بێت".
 
دووەم: بەشداریی راستەوخۆی بن سەلمان لە کردەوەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە یەکێک لە راوێژکارەکانی.
 
سێیەم: "پاڵپشتیی بن سەلمان لە بێدەنگکردنی دژبەرانی لە دەرەوەی وڵات بە زەبری هێز".
 
بەپێی راپۆرتە ئەمریکییەکە، لە 02-10-2018 تێمێکی 15 کەسی لە سعودییەوە گەیشتنە ئیستەنبووڵ و لەوێ جەمال خاشوقچییان لە کۆنسوڵخانەی سعودیە کوشت. دەسەڵاتدارانی سعودیە سەرەتا نکۆڵیان لە کوشتنی خاشوقچی لە کۆنسوڵخانە کرد، بەڵام دواتر کوشتنەکەیان بۆ ئۆپەراسیۆنێكی تیمێکی هەواڵگری گەڕاندەوە کە بە "ئۆپەراسیۆنێكی دڕندە" ناویان بردبوو. دادگای سعودیە 5 کەس بە تۆمەتبار لە قەڵەمدا، دوای دادگاییکردنیان بە 20 ساڵ بەندکردن، سزای دان.
 
خاشوقجی لە رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی کاری دەکرد و بەردەوام رەخنەی لە محەمەد بن سەلمان دەگرت، لەبارەی پەیوەندیی نێوان خاشوقچی و بن سەلمان راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات: شازادەی جێنشینی سعودیە وەکو هەڕەشەیەک بۆ سەر دەسەڵاتی پاشایەتیی سعودیە دەبینی. هەروەها لە راپۆرتەکەدا ناوی 21 کەسی بڵاوکراوەتەوە کە بەشدارن یان بەرپرسیارن لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی رۆژنامەڤانەکە.
 
هەر لەبارەی دۆسیەی کوژرانی خاشوقچی، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، وڵاتەکەی سزای قەدەخەی گەشتکردن بۆ ئەمریکا بەسەر 76 بەرپرسی سعودیەدا دەسەپێنێت.
 
دوێنێ پێنجشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودیە کردووە، لە پەیوەندییەکەدا باسی لە رەوشی مافی مرۆڤ بەگشتی و کوژرانی جەمال خاشوقچی، رۆژنامەڤانی سعودی کردووە.
 
لەدوای کوژرانی جەمال خاشوقچی، دیموکراتەکان و بەشێک لە کۆمارییەکان بەڵێنی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی تایبەت بەو دۆسیەیان دا. لە سەردەمی ئیدارەی پێشوودا راپۆرتێک لەو بارەیەوە ئامادەکرا، ترەمپ مۆڵەتی بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە نەدا. لە بری ئەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە پتەوترکرد.