گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بۆ رووداو: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی کاتیی سووریا دەهێڵینەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە رووداوی راگەیاند، پەیوەندییان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی سووریا و حکومەتی وڵاتەکە دا هەیە. راشیگەیاند، ئەو هەواڵانە "ساختەن" کە باسی وەستانی کارەکانی باڵیۆزخانەکەیان لە دیمەشق دەکەن.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 25-12-2024) سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا بە رووداوی گوت "چەند جارێک رامانگەیاندووە رووسیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان و حکومەتی کاتییش دەهێڵێتەوە."
رووسیا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ حکومەتی پێشووی سووریا هەبوو و پاڵپشتییەکی بەهێزی مانەوەی بەشار ئەسەد بوو لە دەسەڵات لە ماوەی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە دا، بەڵام رۆژی 8ـی ئەم مانگە، حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لەسەر دەستی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) رووخا و ئەسەدیش بۆ رووسیا هەڵات.
دوای رووخاندنی حکومەت، حکومەتێکی کاتی لەو وڵاتە پێکهات، کە بڕیارە تاوەکو ئاداری داهاتوو لە کارکردن بەردەوام بێت.
سەبارەت بە کارەکانی باڵیۆزخانەکەیان لە سووریا، زاخارۆڤا گوتی "پێموایە هەڵەتێگەشتنێک هەبووە یان هەواڵی ساختە و هەڵەتان بەدەست گەیشتووە. رووسیا بوونی دیپلۆماسیی خۆی لە سووریا نەگۆڕیوە. باڵیۆزخانەکەمان هیچ کاتێک کارەکانی لە دیمەشق رانەگرتووە و بەردەوام بووە لە کارەکانی. باڵیۆزخانەکەمان بە تەواوی لە کارەکانی بەردەوامە."
تاوەکو ئێستا ژمارەیەک وڵات، دیارترینیان قەتەر، تورکیا و فەرەنسا باڵیۆزخانەکانیان لە سووریا کردووەتەوە. بەرپرسی وڵاتانی دیکەش، لەوانە ئەمریکا، سەردانی دیمەشقیان کردووە.