نێچیرڤان بارزانی: بە رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکەی ئازەربایجان زۆر خەمبار بووم
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بەهۆی رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکەی ئازەربایجان زۆر خەمبارە.
ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 25-12-2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لەبارەی تێکشکانی فڕۆکە ئازەربایجانییەکە بڵاوکردەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "زۆر خەمباربووم بە رووداوی تراجیدیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئازەرباجیان لە کازاغستان، هاوخەمم و نزا بۆ ئەوانە دەکەم کە بەهۆی ئەو کارەساتەوە کاریگەر بوون."
ئاماژەی بەوەش دا، هەرێمی کوردستان لەم کاتە سەختەدا هاوشانی ئازەربایجان دەوەستێت.
فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیک شاری ئاکتاوی کازاخستان بە 67 سەرنشینەوە کەوتەخوارەوە، کە تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 38 کەسیان پشتڕاست کراوەتەوە.
حکومەتی کازاخستان رایگەیاند، فڕۆکەکە لە شاری باکووی پایتەختی ئازەربایجانەوە بۆ شاری گرۆزنیی رووسیا دەچوو.
وەزارەتی گواستنەوەی کازاخستان لەبارەی ناسنامەی ئەوانەی لە فڕۆکەکەدا بوون، رایگەیاند 37ـیان خەڵکی ئازەربایجان بوون، شەشیان خەڵکی کازاخستان، سێیان خەڵکی کیرگیزستان و 16ـیان خەڵکی رووسیا بوون.
کانات بۆزومبایڤ، جێگری سەرۆکوەزیرانی کازاخستان راگەیاند، "بارودۆخەکە زۆر باش نییە و لە رووداوەکەدا 38 کەس گیانیان لەدەستداوە."