شاژنی بەریتانیا دوای 70 ساڵ ئاهەنگی کریسمس و سەری ساڵ بە تەنیا دەگێڕێت


رووداو دیجیتاڵ 

شاژنە ئێلیزابێزی دووەمی بەریتانیا لە پەیامی رۆژی کریسمسدا باسی لە خەم و خەفەتەکەی کرد کە بە هۆی کۆچی دوایی شازادە فلیپی هاوژینی لە ئەمساڵدا تووشی بووە. هاوکات خەڵکی لە هەموو شوێنێک هاندا بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیان ئاهەنگ بگێڕن. ئەوەش لەکاتێکدایە کە بۆ جاری دووەمە یادی سەری ساڵی نوێ لە میانی پەتای کۆرۆنادا دەکرێتەوە. 
 
شاژنە ئێلیزابێز پەیامەکەی لە قەڵای ویندسەر لە رۆژئاوای لەندەنەوە پێشکێشکرد کە شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانی شاهانەیە.
 
لە پاڵ شاژنە ئێلیزابێزدا وێنەیەکی خۆی و شازادە فلیپی هاوژینی دانرابوو، کە لە نیسانی ئەمساڵ لە تەمەنی 99 ساڵیدا گیانی لەدەستدا. شاژن گوتی، بۆ ئەو قورسە پشووی سەری ساڵ بەبێ شازادە فلیپ بەڕێبکات. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە بۆ جاری یەکەمە لەدوای زیاتر لە 70 ساڵ بە تەنیا و بەبێ ئامادەبوونی هاوژینەکەی ئاهەنگی کریسمس دەگێڕێت.
 
لەبەر ئەوەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن بەشێوەیەکی خێرا لە بەریتانیا بڵاوبووەتەوە، شاژنە ئێلیزابێز بڕیاریداوە کریسمس لە ساندرینگهام بەڕێنەکات. ساندرینگهام کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئینگلاند، ئەو شوێنەیە خێزانی شاهانە بۆنەکانیان تێدا دەگێڕن. 
 
رۆژی دووشەممەی رابردوو کۆشکی شاهانە بڵاویکردەوە، لەبری ئەو شوێنە، شاژن پشووەکەی لە قەڵای ویندسەری رۆژئاوای لەندەن بەڕێدەکات؛ ئەو شوێنەی کە بە زۆری لە کاتی پەتای کۆرۆنا لێی ماوەتەوە.
 
چاوەڕوان دەکرێت هەریەکە لە شازادە چارڵس و هاوژینەکەی لەگەڵ شاژنە ئێلیزابێز لە ئاهەنگی سەری ساڵدا بەشداربن.
 
شازادە فلیپ لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا دوو مانگ پێش ئەوەی پێ بنێتە 100 ساڵەوە، لەدوای ئەوەی چەند هەفتەیەک لە نەخۆشخانە مایەوە، گیانی لەدەستدا.