یەکەم روونکردنەوەی تەلەگرام لەبارەی دەستگیرکردنی دامەزرێنەرەکەی لە فەرەنسا

26-08-2024
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام پێداگرە لەوەی پاڤێڵ دورۆڤ هیچ شتێکی شاراوەی نییە و دەشڵێت: "هەمیشە پابەندی یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا و یاسای خزمەتگوزاریی دیجیتاڵە." 

یەکشەممە، 25ـی ئابی 2024، پۆلیسی فەرەنسا پاڤێڵ دورۆڤ، ملیاردێر، خاوەن و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرامی لە فڕۆکەخانەی لو بۆرخێت لە باکووری پاریس دەستگیرکرد. ئەوەش بەتۆمەتی ئەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی هیچ رێکارێکی نەگرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانەی بە هاندانی تووندوتیژی و تاوانکاری دادەنرێن. 
 
تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام لەمبارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "بانگەشەیەکی گەمژانەیە، چۆن دەکرێت خودی دامەزرێنەر و خاوەنی پلاتفۆڕمەکە، بە مامەڵەی خراپ بەکارهێنانی پلاتفۆڕمەکەی خۆی تۆمەتبار بکرێت؟"
 
باس لەوەش دەکات، پاڤێڵ دورۆڤ هیچ شتێکی نەشاردووەتەوە و هیچ شتێکی شاراوەشی نییە، گەشتە بەردەوامەکانیشی بۆ ئەورووپا سەلمێنەری راستییەکەیە و تێیدا هاتووە: "تەلەگرام، هەمیشە پابەندی یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا و یاسای خزمەتگوزاریی دیجیتاڵ بووە."   
 
دورۆڤ بەڕەچەڵەک رووسییە و هەڵگری وڵاتینامەی فەرەنسایە، رۆژی شەممە لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆکەخانەکەی فەرەنسا، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا. 
 
رێکخراوێکی فەرەنسا تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژیی دژی منداڵان، سکاڵای دژی تەلەگرام تۆمارکردووە و داوای دەستگیرکردنی دورۆڤی تەمەن 39 ساڵی کردووە.
 
دورۆڤ لە رووسیا لەدایکبووە، بەڵام وڵاتینامەی فەرەنسای هەیە و لەساڵی 2013 لەگەڵ نیکۆلای برای تەلەگرامی دامەزراند. ساڵی 2014 رووسیای جێهێشت، دوای ئەوەی داواکارییەکانی حکومەتی رووسیای بۆ داخستنی پێگەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی جێبەجێ نەکرد. 
 
لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022، تەلەگرام بووەتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و وێنە و ڤیدیۆی جەنگەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بووەتە پێگەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە.  
 
تەلەگرام لە رووسیا بەکار‌هێنەری زۆری هەیە و لە ساڵی 2018 بۆ ماوەیەکی کاتی قەدەخە کرا، بەڵام دواتر لەساڵی 2021 بڕیارەکەی لەسەر هەڵگیرا. 
 
بەگوێرەی لیستی ملیاردێرانی گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی، سامانی خاوەنی تەلەگرام لەساڵی 2024دا 15.5 ملیار دۆلار بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە