شەقامێکی پاریس ناودەنرێت 'پێشمەرگە'

 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی پاریس کۆبووتەوە و بڕیارە شەقامێکی پایتەختی فەرەنسا ناوبنرێت پێشمەرگە.
 
ئێوارەی هەینی، 24ـی ئایاری 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە راگەیێندراوێكدا بڵاویکردەوە، له‌ په‌راوێزی (44)ـەمین كاره‌كانی كۆنگره‌ی نێودەوڵەتی وڵاتانی فڕانكۆفۆنی له‌ شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا، چاوی کەوتووە بە ئان هیدالگۆ، سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریس.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "تاوتوێی چه‌ند ته‌ورێك كرا، له‌وانه‌، شاره‌وانی پاریس بۆ رێزگرتن له‌ قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رنامه‌ و پلانی هه‌یه‌‌ له‌ نزیكترین كاتدا شه‌قامێكی شاری پاریس به‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ بكرێت".

 

ئومێد خۆشناو دەڵێت، بۆ بەشداربوون لە نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر، شاندێك له‌ فه‌ره‌نساوه‌ سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات. راشیگەیاندووە: بڕیاردرا شاندێكی هه‌رێمی كوردستان به‌ فه‌رمی بانگهێشتی ئۆلۆمپیادی ئه‌م ساڵی (2024)ـی پاریس بكرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "له‌گه‌ڵ كۆنسوڵخانه‌ی فەره‌نسا له‌ هه‌ولێر رێككه‌وتن كرا، كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ئۆلۆمپیاتی پاریس، وه‌ك هاوسۆزی و هاوده‌نگییه‌ك بۆ پاریس وه‌كو ده‌سته‌ خوشكی هه‌ولێر، چالاكییه‌ك له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوەبچێت و لۆگۆی ئۆلۆمپیاته‌كه‌ نمایش بكرێت".
 
نێوەڕاستی مانگی تەممووزی 2019، پاریس و هەولێر رێككه‌وتنی دۆستایه‌تی و هاوئاهه‌نگییان واژۆکرد و بوونە دەستەخوشکی یەکدی. رێککەوتنەکە لەلایەن ئان هیلداگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس و نەوزاد هادی، پارێزگاری ئەوکاتی هەولێر واژۆ کرا.