لە ئەرژەنتین ژنێکی 60 ساڵ بە شاجوانی گەردوون هەڵبژێردرا

رووداو دیجیتاڵ 

ئەلیخاندرا ئەو قسەوقسەڵۆکانەی بەدرۆ خستەوە کە دەگوترێت ماوەی جوانیی ئافرەت سنووردارە. لە تەمەنی 60 ساڵیدا وەکو شاجوانی گەردوون لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرژەنتین هەڵبژێردرا.
 
ئەلیخاندرۆ رۆدریگێز دەڵێت: "2024 یەکەم ساڵە کە شاجوانی گەردوون نەریتەکان تێکدەکشێنێت کە لە مێژووەوە سەرچاوەیان گرتووە و خەڵک لە هەموو تەمەن و هەموو جۆرە جەستە و باڵایەک قبووڵ دەکات."
 
لە ساڵی 1985ـەوە تەمەن مەرجێکە بۆ بەشداریی لە کێبڕکێی شاجوانی گەردوون. ئەم ساڵ ئەوە نەما.
 
ئەلیخاندرۆ بەم تەمەنەوە 25ی ئایار بەناوی ئەرژەنتینەوە بەشداری لە کێبڕکێی شاجوانی گەردووندا دەکات.
 
ئەو دەڵێت، هاوڕێکانی هانیانداوە بەشداری لە کێبڕکێکە بکات، "چونکە منیش پێموابوو کەمێک بە تەمەندا چووم، دەمگوت چۆن لەو تەمەنەوە بەشداری لەوەدا بکەم. گومانم هەبوو. لە کۆتاییدا بڕیارمدا و هەموو شتێکم پێشکێشکرد."
 
ئەلیخاندرۆ پارێزەر و رۆژنامەنووسە. رۆژانە نامەی دەستخۆشی و پیرۆزبایی بۆ دێت.
 
بووەتە ئیلهام بۆ زۆر لە کچ و ژنانی ئەرژەنتینی، کە بە هەر هۆکارێک بێت هەوڵ بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان نادەن.