پۆڵەندا و لیتوانیا ئامادەن ئەو ئۆکراینیانە بگەڕێننەوە کە لە سەربازی هەڵاتوون
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی بەرگریی پۆڵەندا و لیتوانیا رایانگەیاند، وڵاتەکانیان ئامادەن ئەو پیاوە ئۆکراینیانە بنێرنەوە کە لەبەر خزمەتی سەربازی هەڵاتوون. ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەی سەربازانی ئۆکراینا بەهۆی جەنگ لە کەمبوونەوەی بەردەوامدایە و کیێڤ دەیەوێت ریزەکانی سوپاکەی پڕ بکاتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەیان هەزار پیاوی ئۆکراینی کە لە تەمەنی سەربازیدان، لە پۆڵەندان.
زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر شەڕدا تێپەڕیوە و ئۆکراینا لە دەستکەوتنی سەربازدا رووبەڕووی زەحمەتی دەبێتەوە، لەبەر ئەوەش، بەم دواییانە یاسایێکی نوێی ناونووسکردنی پەسندکرد، بۆ ئەوەی گەنجان لە تەمەنێکی بچووکتردا دەست بە خزمەتی سەربازی بکەن و سزای ئەوانەشی قورسترکرد، کە لە ئەرکەکە هەڵدێن.
رۆژی چوارشەممە، ئۆکراینا رایگەیاند، بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، پاسپۆرتی نوێ بۆ ئەو پیاوانە دەرناکات کە لە تەمەنی سەربازیدان و لەدەرەوەی وڵاتن.
هەروەها هەموو یارمەتیێکی کۆنسڵگەریی بۆ ئەو پیاوانە راگرتووە کە تەمەنیان لە نێوان 18 و 60 ساڵیدایە، ئەوەش تووڕەیی ئۆکراینییەکانی لە پۆڵەندا و ناوچەکانی دیکە لێکەوتووەتەوە.
ڤلادیسلاو کاشینیاک کامیس، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا رۆژی چوارشەممە گوتی، وارشۆ دەتوانێت لە گەڕاندنەوەی پیاوانی تەمەنی سەربازی بۆ ئۆکراینا یارمەتیدەر بێت.
وەزیرەکە بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "ماوەیەکی درێژە پێشنیازمانکردووە کە یارمەتیی ئۆکراینا بدەین تاوەکو ئەو خەڵکەی خزمەتگوزاریی سەربازیی زۆرەملێ دەیانگرێتەوە،، بگەڕێنەوە ئۆکراینا."
پرسیار لە کامیس کرا، ئەگەر داوا لە پۆڵەندا کرا ئۆکراینییەکان بگەڕێنێتەوە، رازی دەبێت، وەزیرەکە گوتی: "هەموو شتێک رێی تێ دەچێ."
رۆژی پێنجشەممە، لۆریناس کاسکیوناس، وەزیری بەرگریی لیتوانیا گوتی رەنگە ئەوانیش بە شوێنپێی پۆڵەندادا بڕۆن.
کاسکیوناس بە رۆژنامەڤانانی گوت، "پێموایە ئەمە رێگە راستەکەیە. ئۆکراینا کورتهێنانێکی زۆری لە هێزی یەدەگدا هەیە. ئەمە شتێکی دادپەروەرانە نییە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی لە پێناو وڵاتەکەیاندا شەڕ دەکەن. ئێمە ژمارەیەکی هێندە زۆرمان لە لیتوانیا نییە، بەڵام ژمارەیەکی بچووکمان هەیە."
دوای ئەوەی لە 24ی شوباتی 2022 رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، سەدان هەزار ئۆکراینا رایانکردە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی بەشداری لە جەنگدا نەکەن، بەشی هەرە زۆریشیان لە رێگەی پۆڵەنداوە رۆیشتن.
بەگوێرەی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو شوباتی ئەمساڵ، 952 هەزار و 104 پەنابەری ئۆکراینی لە پۆڵەندا تۆمارکرابوون کە 16٪یان کە دەکاتە 152 هەزار و 656 کەس، لە تەمەنی سەربازیدا بوون.
بەڵام ژمارەیەکی ئۆکراینییەکان پێش جەنگیش لە پۆڵەندا بوون.
بەگوێرەی نووسینگەی کۆچبەرانی لیتوانیا، 74 هەزار ئۆکراینی لەو وڵاتەن و نیوەی زیاتریان لە دوای هێرشەکەی رووسیاوە چوونەتە ئەوێ.