بۆ یەکەمجار خانمێکی سووریی باڵاپۆش دەبێتە دادوەر لە ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەکی سووریی دەبێتە یەکەم خانمی باڵاپۆش لە مێژووی ئەمریکادا پۆستی دادوەر وەربگرێت و لە کاتی سوێندخواردندا، دەست لەسەر قورئانی پیرۆز دادەنێت.
نادیە قەحف، هاووڵاتییەکی بە رەچەڵەک سووریاییە رۆژی پێنجشەممە لە دادگەی باڵای نیوجێرسی ئامادەبوو بۆ ئەوەی سوێندی یاسایی بخوات و ببێتە دادوەر.
نادیە لە کاتی ئامادەبوونی لە دادگە، بە حیجابەوە دەستی خستە سەر کۆپییەکی قورئانی پیرۆز و سوێندی یاسایی خوارد. ئەو قورئانەشی کە لەگەڵ خۆیدا هێنابوویە نێو دادگەوە، بەگوتەی خۆی لە داپیرییەوە بۆی ماوەتەوە.
نادیە لە کاتی سوێندخواردنیدا گوتارەکەی بە "السلام علیکم" دەستپێکرد و گوتی، "شانازیدەکەم کە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگە موسڵمان و عەرەبییەکان لە نیوجێرسیی ئەمریکا دەکەم. دەمەوێت نەوەی گەنج ببینن کە دەتوانن بەبێ هیچ ترسێک پراکتیزەی ئایینەکەیان بکەن و ببنە ئەو کەسەی دەیانەوێت. هەمەچەشنەیی خاڵی بەهێزی ئێمەیە، نەک خاڵی لاوازمان بێت."
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، نادیە وەکو دادوەر لە دادگەی باڵای ناوچەی پاسایکی ویلایەتی نیوجێرسی دەستبەکاردەبێت. ئەوەش لەدوای ئەوە دێت کە ساڵێک لەمەوبەر فیل مورفی، حاکمی ویلاتەکە بۆ ئەو پۆستە رایسپارد.
خانمە باڵاپۆشەکە، بە رەچەڵەک خەڵکی سووریایە و کاتێک تەمەنی 2 ساڵان بووە لەگەڵ خێزانەکەی کۆچی ئەمریکایان کردووە.
هەرچەندە یەکەم خانمی موسڵمان نییە وەکو دادوەری باڵای ویلایەتێک کاردەکات، بەڵام دەبێتە یەکەم دادوەری باڵاپۆش لە ئەمریکا ببێتە دادوەر.
نادیە لە ساڵی 2003ـەوە وەکو ئەندامی بۆردی ئەنجوومەنی پەیوەندیی ئەمریکی - ئیسلامی لە ویلایەتی نیوجێرسی کاری کردووە کە رێکخراوێکی مافی سڤیلی موسڵمانە و ئێستا نادیە پۆستی سەرۆکی رێکخراوەکەی هەیە.
هاوکات، نادیە راوێژکاری یاسایی وەفا هاوزە، کە ئاژانسێکی کۆمەڵایەتیی خۆنەویستی دژە تووندوتیژییە و بنکەکەی لە شاری کلیفتۆنی نیوجێرسی یە.