کۆڵۆمبیا کوشتنی سەرکردەیەکی فارک رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆڵۆمبیا کوژرانی سەرکردەیەکی گرووپێکی بەرهەڵستکاری حکومەت رادەگەیێنێت، کە ساڵی 2016 رێککەوتنی ئاشتیی لەگەڵ حکومەتی کۆڵۆمبیا رەتکردەوە.
رۆژی دووشەممە 24-1-2022 ئایڤان دووک، سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە رایگەیێندراوێکدا رایگەیاند کە ئیوکلیدەس ئیسپانا ناسراو بە جۆنیێر لە کاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپادا کوژراوە.
ئایڤان دووک گوتی ئەمە یەکێکە لە گەورەترین ئەو گورزانەی بەر هێزی چەکداری فارک کەوتووە و گوتیشی: "ئێمە قسە لەسەر تاوانبارێک دەکەین کە پێشینەی زیاتر لە 25 ساڵی لە کوشتن و تاواندا هەیە".
هاوکات، ژەنەڕاڵ لویس فێرناندۆ ناڤاڕۆم فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی کۆڵۆمبیا گوتی کە تەکنەلۆژیای "پێشکەوتووی هەواڵگری و باشترین سەربازەکانمان" بەکارهێناوە بۆ ئەوەی "نیشانەی ئەهریمەن لەنێوببەین".
هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیا (فارک) گرووپێکی چەکدارین کە تاوەکو ساڵی 2016 بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە بەشێوەیەکی راستەوخۆ شەڕیان لە دژی سوپای کۆڵۆمبیا کرد و لە ساڵی 2016ـەوە رێککەوتنی ئاشتیی لەگەڵ سوپای وڵاتەکە واژۆکرد، بەڵام بەشێک لە چەکدارەکان دژی رێککەوتنەکە بوون و چەکیان دانەنا.
ئەم فەرماندەیەی کوژراوە، لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا بوو، حکومەتی کۆڵۆمبیاش خەڵاتی 755 هەزار دۆلاری بۆ هەر کەسێک دانابوو کە زانیاریی لەبارەی شوێنەکەی بدات بۆ ئەوەی دەستگیری بکەن.