لە رۆژانی کریسمدا نیویۆرک دەبێتە پایتەختی ئاهەنگگێڕانی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
شاری نیویۆرک بە رازاندنەوەی شەقامەکانی و دانانی داری بەرزی کریسمس، کەشوهەوایەکی جیاواز درووستدەکات و خەڵکی لە تەواوی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش رووی تێدەکەن.
شارەکە لە ئاهەنگی کریسمسدا بەشێوەیەکی جیاواز دەڕازێندرێتەوە و خەڵکی لە شارەکانی دیکەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش سەردانی دەکەن. بەتایبەتی ناوچەی (رۆکفێڵەر) کە بە دارێکی 30 مەتر بەرز دەڕازێندرێتەوە.
کیڤن جۆنسن، هاووڵاتییەکی ویلایەتی کارۆلاینای باکوورە و بەبۆنەی کریسمس سەردانی نیویۆرکی کردووە و دەڵێت، "ئێمە لە کارۆلاینای باکوور هاتووین، خۆم و خێزانەکەم و چوار منداڵەکەمان بەیەکەوە هاتووین. ئێمە تەنیا بۆ کریسمس هاتووین و حەزمان کرد داری کریسمس ببینین و لەگەڵ هاوڕێکانمان کاتێکی خۆش بەسەربەرین".
تامران جۆنسن، هاووڵاتییەکی دیکەیە و لە کارۆلاینای باکوور هاتووە و باس لەوە دەکات، "کریسمسەکەمان زۆر باش بەرێوەدەچێت و زۆر دڵخۆشین. لەم چەند رۆژەدا بەفریشمان بینی و زۆر دڵخۆش بووین".
لە نیویۆرک کریسمس جگە لە دەربڕینی خۆشی و شادی خەڵکی، سوودێکی ئابووری زۆریش بە خاوەنکارەکانی شارەکە دەگەیێنێت.
ماریسا مازۆتا، لە بازاڕی کریسمس کەلوپەل دەفرۆشێت و لەبارەیەوە باس لەوە دەکات، "ئەمە جاری یەکەمە لە بازاڕی کریسمسی بریانت پارک کاردەکەم، بەڕاستی زۆر بەسوودە، کۆمپانیاکەمان زۆر بچووکە، بەڵام وردە وردە گەورەتر دەبێت و لە رێگەی ئەم بازاڕەوە زۆر کەس دەناسین کە یارمەتییمان دەدەن و کەلوپەلێکی زۆر دەفرۆشین. ئێمە زۆر دڵخۆشین و هەموو کەسێک لەنێو کەشوهەوای کریسمسدان".
چانتێل پێری، یەکێکی دیکەیە لە فرۆشیارانی بازاڕی کریسمس لە نیویۆڕک و ئاماژە بەوە دەکات، کەشوهەوای کریسمس هەیە، کەسانێکی زۆر لە ویلایەتەکانی دیکە بۆ کریسمس هاتوونەتە ئێرە، بەتایبەتی بۆ کۆڵانی 42. پرۆسەکە بەباشی بەڕێوەدەچێت و تاوەکو نزیکتر بینەوە لە رۆژی کریسمس ژمارەیەکی زیاتر خەڵک سەردانی ئێرە دەکەن".
چەند رۆژێک بەر لە کریسمس ئامادەکارییەکان دەستپێدەکەن، خەڵکی دەچنە دەرەوە و دیاری بۆ یەکدی دەکڕن، بەڵام لە رۆژی کریسمسدا، هەموویان لە ماڵەوە لەگەڵ خێزانەکانیان دادەنیشن و دیاری بەیەکدی دەبەخشن.