ترەمپ و سکرتێری ناتۆ لەبارەی "دۆخی ئاسایشی جیهان" کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ لە کۆشکەکەی ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا کۆبوونەوە و پرسی هەڕەشەکانیان بۆ سەر ئاسایشی جیهان تاوتوێ کرد.
رۆژی شەممە 23ی تشرینی دووەمی 2024 تیمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، لە کۆشکە تایبەتەکەی لە ناوچەی پام بیچ لە ویلایەتی فلۆریدا، ترەمپ لەگەڵ مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ پرسی "پرسە ئەمنییەکانی جیهان، کە رووبەڕووی هاوپەیمانێتییەکە بوونەتەوە،" تاوتوێ کردووە.
هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لە جەنگی ئۆکراینا و هەڕەشەکانی رووسیا کردووە. بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لەو کۆبوونەوەیەدا ترەمپ بە سکرتێری گشتیی ناتۆی راگەیاندووە، لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو، نوێنەرێکی تایبەتی دەستنیشان دەکات بۆ پرسی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا، ئەمەش وەکو هەنگاوی یەکەم بۆ راگرتنی جەنگەکە.
میدیای ئەمریکاش ئاشکرایان کردووە، ریچارد گرینێڵ، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئەڵمانیا لە سەردەمی گەڕی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ و بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی ئەمریکا، ئەو کەسەیە کە سەرۆکی نوێی ئەمریکا چاوی لێیەتی بۆ ئەو پۆستە دیاریی بکات.
لە مانگی ئەیلوولی رابردوو، کاتێک ترەمپ لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە نیویۆرک کۆبوونەوە، ریچارد گرینێڵ-یش لە کۆبوونەوەکە ئامادە بووە.
لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، ترەمپ داوای لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ کردبوو، خەرجییەکانیان لە بواری بەرگریدا زیاتر بکەن و تەنیا پشت بە ئەمریکا نەبەستن؛ پێشتریش لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتییەکەیدا چەندینجار رەخنەی لە وڵاتانی ناتۆ گرتبوو، گوایە هەموویان چاویان لە دەستی ئەمریکایە و خۆیان پارەیەکی ئەوتۆ نابەخشنە ئەو هاوپەیمانێتییە.
پێش کۆبوونەوەشی لەگەڵ ترەمپ، سکرتێری گشتیی ناتۆ نەیشاردبووەوە کە پرسی نزیکبوونەوەی رووسیا و کۆریای باکوور، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهان و هاوپەیمانیی ناتۆ، بۆیە لەگەڵ ترەمپ باسی دەکات.