26ـی ئوکتۆبەر جۆرجیا بە کام لا دا دەڕوات؟

 
رووداو - تبلیسی 

رۆژی 26ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی جۆرجیا دەکرێت. ئەم هەڵبژاردنە رووداوێکی گرنگ و هەستیارە بۆ جۆرجیا، هۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پارتی دەسەڵاتدار (پارتی خەونی جۆرجیا) دەیەوێت وڵاتەکە زیاتر نزیکبێ لە رووسیا، بەڵام پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەیانەوێت حکومەتی نوێی جۆرجیا نزیکی یەکێتی ئەورووپا بێت.
 
لەم هەڵبژاردنە دا ئیسکۆ داسنی وەک تاکە بەربژێری کورد بەشدارە لەسەر لیستی پارتی دەسەڵاتدار. ئیسکۆ داسنی لەم خولەی دواییش دا ئەندامی پەرلەمان بوو. 
 
دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و لە سەرەتای وەرگرتنی سەربەخۆیی، جۆرجیا رووی لە وڵاتانی رۆژئاوا و یەكێتیی ئەورووپا بوو و ئامانجی "یەکگرتنەوەی تەواو" لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ بوو. لە 3ـی ئاداری  2022 جۆرجیا لەگەڵ ئۆکراینا و مۆڵدۆڤا داواکاریی ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەورووپا پێشکێش کرد. جۆرجیا توانی لە 14ـی کانوونی یەکەمی 2023 ببێتە یەکێک لە بەربژێرانی بوونە ئەندامی یەکێتی ئەورووپا، بەڵام یەکێتیی ئەورووپا ئەمەی پەیوەست کردووە بە پێشکەوتن لە 9 بواری جیاوازدا: 
 
لەوانە: 
 
- بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی ناڕاست.
- هاوتەریبکردنی سیاسەتی جۆرجیا لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا. 
- چارەسەری جەمسەرگیریی سیاسی. 
- بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە. 
- باشترکردنی چاودێری پەرلەمان و کاری پەرلەمان . 
- چاکسازی لە دەسەڵاتی دادوەری دا.  
- سەربەخۆکردنی دامەزراوەکان و پاراستی بێلایەنییان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. 
- فراوانکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان، هەروەها  فراوانکردنی رووبەری کەرتی تایبەت. 
- دەستەبەرکردنی ئازادی گردبوونەوە و ئازادی رادەربڕین و پاراستنی مافی مرۆڤ. 
 
پاش وەرگرتنی پلەی بەربژێربوون لە یەكێتیی ئەورووپا دا، پارتی دەسەڵاتدار بیدزینا ئیڤانشڤێلی، ملیاردێر و دامەزرێنەری پارتی خەونی جۆرجیا دیاریکرد، دواتر، کۆمەڵێک یاسا و رێکار  لە جۆرجیا دەرچوون بۆ یەکێتی ئەورووپا جێی پرسیار و گومان بوون، بەڵام ئەو یاسایەی لە هەمووان زیاتر مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا ئەوەبوو هەر رێکخراوێک یان دامەزراوەیەک زیاتر لە 20٪ لە داهاتەکەی لە دەرەوەی وڵاتەکەوە بێت، قەدەخە دەکرێت و وەک رێکخراوێک کە "کار بۆ بەرژەوەندییە دەرەکییەکان" دەکات تومەتبار دەکرێت. 
 
دەرچوونی هەندێک یاسای و هەڵوێستی سیاسی وایکرد کە لە نێوەڕاستی 2024 دا یەکێتی ئەورووپا پرۆسەی ئەندامبوونی جۆرجیا لە یەکێتیەکەدا رابگرێت.
 
ئێستا دیمەنی گشتیی وڵاتەکە دابەشبوونە لەنێوان پارتە سیاسییەکان دا لەنێوان وڵاتانی رۆژئاوا و یەکێتیی ئەورووپادا لەلایەک و رووسیا لەلایەکی دیکە.
 
پارتی دەسەڵات هەڵبژاردنی داهاتوو وەکو پرۆسەیەک سەیر دەکات بۆ هەڵبژاردنی ئاشتی یان شەڕ، مەبەست ئەوەیە نزیکبوونەوە لە رۆژئاوا بریتییە لە راگەیاندنی شەڕ دژی رووسیا، بەڵام مانەوە لەژێر چەتری رووسیا گەرەنتی ئاشتی و سەقامگیری وڵاتەکە دەکات، لە بەرامبەردا، پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێن ئەمە دەبێتە دەرفەتێک بۆ نزیکبوونەوە لە رۆژئاوایەکی دیمۆکرات و دوورکەوتنەوە لە رووسیا.
 
پەیوەندییەکانی نێوان جۆرجیا و یەکێتی ئەورووپا پشت بە رێککەوتنێکی هاوبەش دەبەستێت کە لە نێوەڕاستی ساڵی 2016 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. نێوەڕۆکی ئەم رێککەوتنە پێکدێت لە بوونی ناوچەیەکی بازرگانی ئازاد و گەشتکردنی خەڵک بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بەبێ ڤیزای شنگن. یەکێتی ئەورووپا هاوبەشی سەرەکی بازرگانی جۆرجیایە و ئاڵۆگۆری بازرگانی لە نێوانیاندا لەسەدا 20، دواتر تورکیا بە رێژەی سەدا 13 و رووسیا بە رێژەی سەدا 11 دێن .
 
سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی جۆرجیا  
 
بەپێی دەستووری جۆرجیا، هەڵبژاردن بەپێی سیستەمی رێژەیی دەکرێت، پارتەکان رکابەری لەسەر 150 کورسی دەکەن بە مەرجێک پارتەکان بەربەستی 5٪ لە کۆی دەنگەکان دەرباز بکەن، هەڵبژاردن یەک بازنەییە.
 
دوای هەڵبژاردن، سەرۆکی وڵات لەلایەن دەستەیەک کە لە 300 کەس پێکهاتووە هەڵدەبژێردرێت. دەستەکە بریتین لە ئەندامانی پەرلەمان و نوێنەرانی حکومەت، دواتر 45 رۆژ دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمان ماوە دەدرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.  
لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی جۆرجیادا، سێ ملیۆن و 482 هەزار و 952 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. بەگشتی 3031 بنکەی دەنگدان دانراون. 
 
جگە لە 60 وێستگە لە 42 وڵاتی دیکە بۆ ئەوەی جۆرجییەکانی ئەو وڵاتانەش بتوانن دەنگ بدەن کە  ژمارەیان دەگاتە 860 هەزار کەس. 
 
لە هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەدا، تەکنەلۆجیا رۆڵێکی گرنگ دەبینێت بەو پێیەی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان ئەلیکترۆنییە. 
 
پارت و هاوپەیمانییە بەشدارەکان 
 
لە نێوان 27 پارتی سیاسی کە خۆیان تومارکردووە، 19 پارتی سیاسی لە جۆرجیا لە ماوەی یاساییدا لیستی خۆیان پێشکێشکردووە، پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان 4 هاوپەیمانییان پێکهێناوە بەرانبەر بە پارتی دەسەڵات  و بریتین لە:
 
- هاوپەیمانی  یەکگرتن بۆ پاراستنی جۆرجیا
- هاوپەیمانی بۆ گۆڕانکاری
- جۆرجیایەکی بەهێز
- لەپێناو جۆرجیا
 
ئەم چوار هاوپەیمانێتییە دژی پارتی دەسەڵاتدار (پارتی خەونی جۆرجیا)دەکەونە رکابەری لە هەڵبژاردنی 26ـی ئەو مانگەدا.