سەرۆکی فەرەنسا: لە نەیجەر دەکشێینەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، نزیکین لە کشاندنەوەی باڵیۆزی وڵاتەکەمان لە نەیجەر و لە چەند مانگی داهاتووشدا سەربازەکانمان لەو وڵاتە دەکشێنینەوە، ئەوەش دوای کودەتاکەی ئەو وڵاتە و لادانی سەرۆکی هەڵبژێردراو.  
 
رۆژی یەکشەممە 24ـی ئەیلوولی 2023، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی باڵیۆز و هێزەکانیان لە نەیجەر رایگەیاند "فەرەنسا بڕیاریداوە باڵیۆزەکەی بکشێنێتەوە. لە چەند کاژێری داهاتوودا باڵیۆز و ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارەکانمان دەگەڕێنەوە فەرەنسا."
 
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، هاریکاریی سەربازی نێوان وڵاتەکەی و نەیجەر "کۆتاییهات." هەروەک گوتیشی "لە چەند مانگ و هەفتەیەکی داهاتوودا" هێزەکانی وڵاتەکەی لە نەیجەر دەکشێنەوە. 
 
گرژییەکانی نێوان ئەنجوومەنی سەربازی نەیجەر و فەرەنسا دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە رۆژی 26-7-2023 سوپای نەیجەر کودەتای بەسەر سەرۆکی وڵاتدا کرد و لە دەسەڵات دووری خستەوە. 
 
چوار رۆژ دوای کودەتاکە، وڵاتانی ئیکۆواس، کە بە نزیک لە فەرەنسا و وڵاتانی رۆژئاوا دادەندرێن، هەڕەشەیان کرد؛ ئەگەر سەرکردە سەربازییەکانی نەیجەر تاوەکو 6ـی ئاب محەممەد بەزووم نەگەڕێننەوە سەر دەسەڵات، ئەوا هێرشیان دەکەنەسەر. لە بەرامبەر هەڕەشەی داگیرکردنەکەدا سوپای نەیجەر بڕیاریدا ئاسمانی وڵاتەکەی دابخات و، هێزەکانی لە پایتەختی وڵاتەکەی چڕکردنەوە، هەموو هاووڵاتییەکانی راسپاردن چەک هەڵبگرن و داوای یارمەتیی لە گرووپی ڤاگنەری رووسی کرد.
 
وڵاتانی ئیکۆواس بریتین لە: کەیپڤێرد، گامبیا، گینیا، گینیا بیساو، لایبێریا، مالی، سەنیگال، سیێرا لیۆن، بێنین، بورکینا فاسۆ، گانا، کۆتدیڤوار، نایجیریا، تۆگۆ. 
 
رۆژی هەینی 25-8-2023، وەزارەتی دەرەوەی نەیجەر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هەڵسوکەوتەکانی نێردەی فەرەنسا دژی بەرژەوەندییەکانی نەیجەرە" ماوەی 48 کاژێری بە نێردە فەرەنسییەکەدا، کە وڵاتەکە بەجێبهێڵیت.