رووداو سێ خەڵاتی جیهانی دەباتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

تۆڕی میدیایی رووداو بە شانازییەوە سەرکەوتنێکی دیکەی لەسەر ئاستی جیهان دا رادەگەیێنێت بە بردنەوەی سێ خەڵاتی ستیڤی، لەلایەن هەر یەک لە بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ بڕوا کیانی، بەڵگەفیلمی (ساڵێک شەڕ) و پڕۆژەیەکی هاوبەشی رووداو و نەتەوەیەکگرتووەکان.
 
لە کێبڕکێی ئەم ساڵی براندە گەورە جیهانییەکانی وەکو گووگڵ، ئای بی ئێم، ماستەرکارد مەیامیدا لەسەر خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی ستیڤی، تۆڕی میدیایی رووداو لەیەک کاتدا سێ خەڵاتی زێڕین و برۆنزی بردەوە. بردنەوەکەی رووداو لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی لیژنەی گەورەی هەڵسەنگاندنی ستیڤییە، کە 3600 پسپۆڕی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری جیهان تێیدا ئەندامن. 12 هەزار براند و دامەزراوەی گەورەی نێودەوڵەتی کار و بەرهەم و تواناکانیان بەربژێرکرابوون بۆ ئەو خەڵاتانە.
 
لیژنەکەی ستیڤی بەرهەمەکانی رووداوی لە یەک کات دا سێ خەڵات زانیوە. جگە لە رووداو، کۆمپانیاکانی وەکو مایکرۆسۆفت، ئارامکۆ، فیلیپ مۆریس، ماستەرکارد و سامسۆنگیش توانیویانە ژمارەیەک خەڵاتی ستیڤی ببەنەوە.
 
دوو لە خەڵاتەکانی رووداو زێڕینن و یەکێکیان برۆنزە. بەڵگەفیلمی (ساڵێک شەڕ)ی هاوکارانمان دڵنیا رە‌‌‌حمان وئەحمەد عومەر جگە لەوەی خەڵاتی زێڕینی بردووەتەوە، هێندە خاڵی لەلایەن ئەندامانی لیژنەکەی ستیڤییەوە پێدراوە کە بەپێی سیستمی خاڵبەندی بۆ بردنەوەی خەڵاتەکان هیچ دامەزراوەیەکی دیکە نەیتوانیوە پلەی دووەم یان سێیەمی پێبدرێت. بەڵگەفیلمەکەی رووداو کاریگەری ساڵێک پاش دەستپێکردنی جەنگ لە ئۆکراینا نیشاندەدات. لیژنەکە لە پەسنی بەڵگەفیلمەکەدا دەڵێت: "ئەم کارە بە عەشقەوە کراوە. دەزانین وێنەگرتن و مۆنتاژکردنی چەند قورس بووە. بەڵگەفیلمێکی زۆر باشە و پێویستە هەموو کەسێک بیبینێ". مۆنتاژی بەڵگەفیلمەکە لەلایەن بڕوا عومەرەوە کراوە.

 

لیژنەکە داوا لە رووداو دەکات بەردەوام بێت لەسەر ئەو کارانەی کە بوونەتە خاوەن کاریگەریی نێودەوڵەتی و دەڵێن: "تکایە بەردەوام بن لەسەر ئەو کارە نایابەی دەیکەن. ئەو بەڵگەفیلمە شێلگیریی رۆژنامەڤانی، پرۆفێشناڵێتی، ریسککردن لەپێناو گەیشتنە راستییەکان و چیرۆکگێڕانەوەی بەهێز پیشاندەدات. کارەکە دانسقەیە!".
 
بڕوا کیانی بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ، دووەمین خەڵاتی زێڕینی ستیڤی بەدەستهێناوە. بڕوا کیانی، توانیویەتی سەرنجی لیژنەکە بۆ بێ رکابەربوونی سۆشیال میدیای رووداو رابکێشێ و خەڵاتی زێڕین وەک بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو لە ئاستی جیهان دا لە بواری بەڕێوەبردنی سۆشیال میدیادا بباتەوە. بەپێی هەڵسەنگاندنی لیژنەی هەڵسەنگاندنی ستیڤی بڕوا کیانی پێشکەوتنێکی گەورەی لە دیجیتاڵ میدیادا دروستکردووە. ئەمە بەڵگەیەکی زیندووە کە نەوەی نوێی بەڕێوەبەرانی رووداو و ستافی رووداو دیجیتاڵی رووداو بە ئاست و روانینێکەوە کاردەکەن کە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان رێز لە پێشکەوتنیان دەگرن و خەڵاتیان دەکەن. لیژنەکە لەسەر کارەکانی هاوکاری سەرکەوتوومان بڕوا کیانی دەڵێت: "روانینە ستراتیژییەکەی و سەرکردایەتیکردنەکەی گوڕێکی بەهێزی داوەتە بەشداریی رووداو لە دنیای دیجیتاڵی دا. ئەو وایکردووە رێژەی بینینی پۆستەکانی رووداو لە 70 تاوەکو 80 هەزار کەسەوە بگەیێنێتە 500 هەزار تاوەکو 600 هەزار و لە فەیسبووکیش وابکات رووداو یەک میلیارد بینینی هەبێت".
 
سێیەمین خەڵاتی ستیڤی بۆ رووداو خەڵاتی برۆنزە بۆ پڕۆژەی هاوبەشی رووداو و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێگەیاندنی رۆژنامەڤانانی ژن لە کوردستان و عێراق. لیژنەکەی ستیڤی بۆیە ئەو پرۆگرامەی رووداویان بە شایانی ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییە زانیوە، چونکە دەڵێن: "هەنگاوێکی یەکجار گەورەیە، لەبەرئەوەی یەکەمین پڕۆژەی هاوبەشی لەوجۆرەیە لەنێوان میدیایەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نەتەوە یەکگرتووەکان دا". لیژنەکە پێیوایە "لەکاتێکدا زۆر میدیای دیکە خەریکی بەرهەمهێنانی نێوەڕۆکن لە بواری یەکسانیی نێوان ژن و پیاودا، رووداو خەریکی ئاڵنگارییەکی یەکجار گەورەیە بۆ نەهێشتنی ئەو نایەکسانییە لەنێو هێزی کاری میدیاییدا. ئەم پێداگیرییە بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی کۆمەڵگە نیشانەی گۆڕانکارییەکی مەزنی رووداوە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی". تاوەکو ئێستا 159 ئافرەت بەشدارییان لە پڕۆژە هاوبەشەکەی رووداو و نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پێگەیاندنی رۆژنامەڤانانی ژن دا کردووە. پڕۆژەکە بەردەوامە و ئەم ساڵ 300 ژن بەشداریی تێدا دەکەن.
 
گاریک هایراپیتیان، نوێنەری سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق UNFPA، دەڵێت، بردنەوەی خەڵاتەکە لەلایەن رووداوەوە "بەڵگەیە لەسەر هێزی کاری هاوبەش بۆ گۆڕانکاری و پێشخستنی بەهێزکردنی ژنان و گەشەپێدانی بەردەوامیان". سەبارەت بە بەردەوامبوونی پرۆژەکەش دەڵێت: "بە هاوبەشی لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ژنانی رۆژنامەڤان کارامە دەکەین و دەنگیان بەهێز دەکەین بۆ ئەوەی پشتیوانی لە پرسە گرنگەکانیان بکرێت ".
 
سو کینگ، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی گەشەپێدانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاش پیرۆزبایی لە رووداو دەکات و دەڵێت: "بەدەستهێنانی خەڵاتەکان شایەتیی بەرهەمی پڕ کوالێتی، داهێنان و کاریگەریی رووداوە. ئەوە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ رووداو و نەتەوە یەکگرتووەکان".
 
خەڵاتی ستیڤی، خەڵاتێکی نێودەوڵەتی زۆر سەنگین و نێودارە، لە بواری میدیایی دا پێشتر لەلایەن CNN و NBC و BLOOMBERG و جەزیرە وەرگیراوە. 
 
بێستوون نووری، بەڕێوەبەری نیوزگازەرینگی رووداو پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و بینەرانی رووداو دەکات و دەڵێت: "رووداو بەردەوام گەشە دەکات و ئاستی کارەکانی بەرزتر دەکاتەوە. هەنگاوی زۆر گەورەتریشمان دەبن بۆ زیاتر کاریگەربوون و پێشکەوتنی زیاتر لەسەر ئاستی جیهان".
 
تۆڕی میدیایی رووداو
22/8/2024
 
- لەڕێگەی ئەم بەستەرەوە دەتوانن بەڵگەفیلمی (ساڵێک شەڕ)ببینن:
 
کلیک لێرە بکەن بۆ بینینی بەڵگەفیلمەکە