16 هاونیشتمانیی خەڵکی سلێمانی لە تونس دەستگیردەکرێن؛ ویستوویانە بچنە ئەورووپا

 
رووداو دیجیتاڵ  

بە ئامانجی گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا، ژمارەیەک هاونیشتمانی چوونەتە تونس و لەوێ دەستگیرکراون.
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 16 کەس دەستگیرکراون کە خەڵکی سنووری سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن.
 
ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 20 رۆژە ئەو کەسانە دەستگیرکراون؛ گوتیشی، "لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە تونس لەسەرهێڵین بۆ ئازاد کردنیان، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ئازادنەکراون".
 
14ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ تونس لابردنی ڤیزەی لەسەر هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی راگەیاند. موسەننا ئەمین دەڵێ: "قاچاخچییەکان ئەوەیان وەک هەلێک قۆستووەتەوە و بە ناوی گەیاندن بە ئەورووپا خەڵک دەخەڵەتێنن و بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن".
 
ناسنامەی هاونیشتمانییەکان بەمشێوەیەیە؛ (ر. س. م – ئـ. ش. ع – ب. س. م – ب. ف. ح – ب. ئـ. س – د. ح. ر – ش. م. ع – ع. ئـ. ع – م. ش. ئـ - ‌هـ. ع. ک – ئـ. ح. ح – ع. ع. ب – ب. ئـ. ک – ز. س. ف – ب. ق. ئـ - ک. ک. خ).
 
تونس یەکێکە لەو وڵاتانەی کۆچبەران بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی لێوەی بە دەریای نێوەڕاستدا بپەڕنەوە و خۆیان بگەیێننە وڵاتانی ئەورووپا.