دەست بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی فڕیو دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەوەی لە رابردوو بەلای خەڵکەوە خەیاڵ بوو، ئێستا راستییە و دەست بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی فڕیو کرا؛ ژان میشیل، میوزیکژەنی فەرەنسی تەمەن 75 ساڵ، بووە یەکەم هاووڵاتی تاقیبکاتەوە.
 
'ئەیرکار' تاکە ئۆتۆمبێلی فڕیوی مۆڵەتپێدراوی دروستکراوی سلۆڤاکیایە، کە فرۆشراوە بە کۆمپانیایەکی چینی.
 
ریچارد ئەبولافیا، بەڕێوەبەری ئیداریی لە ئایرۆ داینامیک دەڵێت، "ئاسۆیەکی راستەقینە هەیە لە ئازادیی گواستنەوە، کە جاران خەڵک لێی بە گومان بوو. لە دەستپێکی سەرهەڵدانی فڕینەوە خەڵک شکستی لێی هێناوە."
 
بۆ یەکەمجار ئەیرکار لە 2021دا تاقیکرایەوە. یەکەم گەشتی 35 خولەک بوو بە ئاسمانی براتیسلاڤای پایتەختی سلۆڤاکیا سووڕایەوە.
 
کڕینی لەلایەن کۆمپانیا چینییەکەوە، لەوانەیە بەو واتایە بێت کە هاووڵاتییانی چینی پێشەنگ بن لە تاقیکردنەوەی ئەزموونەکە.
 
بەڕێوەبەری ئیداریی لە ئایرۆ داینامیک دەڵێت، "ئەگەر توانای هەمیشەییمان هەبوایە، لە هەر کوێیەک بتەوێت بتوانی بفڕی و بنیشی بێ ئەوەی شوێنی فڕین و نیشتنت بۆ دیاری بکرێت، ئەمە شتێکی باش دەبوو، بەڵام بەداخەوە هێشتا ئێمە لەو جیهانەدا ناژین."
 
ئەیرکار، 520 گەشتی کردووە و 130 کاژێر فڕیوە. کۆمپانیاکە دەڵێت، لە 12 بۆ 14 مانگی دیکە دەست بە فرۆشتنی دەکرێت و نرخی لە 500 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات.