رێگە لە چوونی کۆچبەران بە بەلەم بۆ بەریتانیا دەگیرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەریتانیا بە شێوازێکی نوێ دەیەوێ رێگە لە هاتنی کۆچبەران بە بەلەم بۆ وڵاتەکەی بگرێ و کۆمپانیایەکی ئەمریکی لەو هەوڵە نوێیەدا یارمەتیی بەریتانیا دەدات.
 
بەریتانیا پلانێکی نوێی بۆ رێگەگرتن لە پەڕینەوەی کۆچبەران لەڕێگەی بەلەمەوە بۆ ئەو وڵاتە داناوە، بەپێی پلانەکە کۆمپانیایەکی ئەمریکی یارمەتیی حکومەتی بەریتانیا دەدات بۆئەوەی ئەو بەلەمانەی دەیانەوێ لە نۆکەندی ئینگلیزەوە کۆچبەران بگەیەننە بەریتانیا لە دووریی 15 کیلۆمەترەوە بناسرێنەوە و رێگەیان لێ بگیرێت.
 
کۆمپانیای ئەندۆریل پێنج ساڵە دامەزراوە و پێشتر لە سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک یارمەتیی حکومەتی ئەمریکای داوە بۆ رێگەگرتن لە پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ نێو ئەمریکا. ئەندۆریل دەیەوێ ژمارەیەک ئامێری تایبەت لە دۆڤەر، واتە لە بەری بەریتانیای نۆکەندی ئینگلیز، دابنێت. ئەو ئامێرانە پشت بە زیرەکیی دەستکرد دەبەستن و لەڕێگەی سانسۆرەوە چاودێریی جووڵەی نێو دەریا دەکەن.
 
ئەو بەلەمانەی زۆر جار بە ئاسانی لەلایەن پاسەوانی دەریاوانیی بەریتانییەوە نابیندرێن و ناناسرێنەوە، لە دووریی 15 کیلۆمەترەوە بەو ئامێرانەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە دەبیندرێن و هێزە بەریتانیییەکان دەتوانن بەوهۆیەوە رێگە لەوە بگرن کە بەلەمەکان بگەنە نێو خاکی بەریتانیا. ئەگەر کاری ئەو ئامێرانە سەرکەوتوو بێت، سەرکەوتنێکی گەورە دەبێ بۆ ریشی سووناکی سەرۆکوەزیرانی ئێستای بەریتانیا. سووناک بەڵێنی داوە چارەسەری بنەڕەتی بۆ هاتنی کۆچبەران لەڕێگەی بەلەمەوە بدۆزێتەوە. 
 
لە مانگی کانوونی دووەمی 2023، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانی ئاماری ساڵی 2022ی لەبارەی چوونی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا 45 هەزار 728 کۆچبەر روویان لە بەریتانیا کردووە، ئەمەش بەراورد بە ئاماری ساڵی 2021، 60% زیادیکردووە.
 
حکومەتی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کردووە، لە 2022دا، زیاتر لە 17 هەزار کۆچبەر زۆرتر چوونەتە بەریتانیا، بەراورد بە دوو ساڵ لەمەوبەر کە لە ساڵی 2021دا، 28 هەزار و 526 کۆچبەر خۆیان گەیاندبووە بەریتانیا.
 
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەو ئامارەی ساڵی رابردوو، تەنیا ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە کە بە بەلەم و لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە هاتوون. 
 
ساڵانە بە هەزاران کۆچبەر هەوڵدەدەن لە فەرەنساوە بە بەلەم خۆیان بگەیێنە بەریتانیا و بەوهۆیەوە هەموو ساڵێک رووداوی نقومبوونی بەلەم لە نۆکەندی ئینگلیز بڵاودەبنەوە و سەتان کۆچبەر دەبنە قوربانی.