مانگێک بەسەر جەنگی رووسیا و ئۆکراینا تێدەپەڕێت؛ زیلینسکی داوای خۆپێشاندان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

مانگێک بەسەر بڕیاری ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراینا تێدەپەڕێت، کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ بەڕێوەدەچێت و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش داوا لە خەڵک دەکات لە هەموو جیهان دژی ئەو هێرشە خۆپێشاندان بکەن.
 
بۆ یەکەمجار زیلینسکی بە زمانی ئینگلیزی گوتاری ڤیدیۆیی خۆی بڵاوکردەوە و گوتی، هێرشی رووسیا تەنیا دژی ئۆکراینا نییە، بەڵکو دژی ئازادیی خەڵکە لە هەموو جیهان، بۆیە لەسەر هەموو جیهان پێویستە هێرشەکە بوەستێنن.
 
سوپای ئۆکراینا بانگەشەی ئەوە دەکات کە رووسیا زەبرێکی زۆری بەرکەوتووە لە شەڕەکەدا، بۆیە بەردەوامە لە زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی لەسەر سنوورەکانی ئۆکراینا.
 
رووسیا خۆی ئاماری نوێی جەنگی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ناتۆ باوەڕی وایە لەنێوان حەوت بۆ 15 هەزار سەربازی رووسی لە یەکەم مانگی جەنگەکەدا کوژرابن. هاوکات وای دەخەمڵێنن کە لەنێوان 30 بۆ 40 هەزار سەربازی رووسی برینداربووبن.
 
نوێترینەکان:
 
شەڕی سەخت لە ئیرپین-ی ئۆکراینا بەردەوامە، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ دەڵێت، نزیکەی هەموو شارەکە خەریکە دەگەڕێتەوە ژێر دەستی سوپای ئۆکراینا.
 
بۆردوومان و تۆپبارانی شاری ماریۆپۆڵ بەردەوامە، رووسیا شارەکەی گەمارۆداوە و بەهۆیەوە خەڵکەکەی خەریکە بەبێ ئاو و خۆراک دەمێننەوە. بەپێی وێنەی مانگە دەستکردەکان، نزیکەی 90%ی باڵەخانەکانی شارەکە تێکدراون و رووخاون.
 
بە گوتەی زیلینسکی، زیاتر لە 100 هەزار کەس لەنێو ماریوپۆلدا گیریانخواردووە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژانی رابردوودا حەوت هەزار کەس توانیویانە لەڕێگەی رێڕەوە مرۆییەکانەوە هەڵبێن.
 
بۆردوومان لە شارەکانی دیکەی ئۆکراینا بەردەوامە، وەکو کیێڤ، چێرنهیڤ و خارکیڤ.
 
بەریتانیا بەڵێنی داوە 6000 مووشەک بداتە ئۆکراینا، ئەوەش دوای پەیوەندیی تەلەفۆنیی بۆریس جۆنسن و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە رۆژی چوارشەممە.
 
جگە لە بەریتانیا، ئەڵمانیاش بڕیاریداوە 2000 مووشەکی دژەتانک و چەک و تەقەمەنیی دیکە بداتە ئۆکراینا. ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری وڵاتەکە داوای لە پووتین کرد، "دەستبەجێ" هێرشەکانی بوەستێنێت.
 
پووتین رۆژی چوارشەممە بڕیارێکی نوێی دا و رایگەیاند، فرۆشتنی گاز بە "وڵاتانی نەیار" تەنیا بە رۆبڵی رووسی دەبێت، ئەوەش وایکرد ئەمڕۆ نرخی رۆبڵ بەرزببێتەوە؛ ئێستا هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر 90 رۆبڵە.
 
رۆژ بە رۆژ ژمارەی ئاوارە و کۆچبەرانی ئۆکراینی زیاد دەبێت، بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانیش دەچنە پۆڵەندا و لەوێوە دەچنە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا. ئۆلها هۆمینکۆ، پەنابەری خەڵکی خارکیڤە و لە پۆڵەندایە، دەڵێت، "هەست بە ئازار، ترس، بێ هیوایی دەکەم. ئەستەمە بتوانین پلان بۆ داهاتوو دابڕێژین. هەست بە ئازار دەکەم، ئازارێکی گەورە لە دڵمدایە".
 
پێنتاگۆن: رووسیا ئێستا سیاسەتی بەرگری پەیڕەو دەکات
 
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، ئێستا هێزەکانی رووسیا نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە کیێڤ کشاونەتەوە و لە زۆربەی ناوچەکانی پێشەوەی شەڕ سیستمی بەرگری پەیڕەو دەکەن.
 
ئەو بەرپرسە پێیوایە، بابەتەکە ئەوە نییە کە رووسیا پێشڕەویی نەکردووە، بەڵکو ئەوەیە کە هەوڵنادەن بچنە پێشەوە.
 
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا لانیکەم 3.5 ملیۆن هاووڵاتیی ئۆکراینا وڵاتەکەیان جێهێشتووە و ملیۆنان هاووڵاتیی دیکەش لە نێوخۆی وڵاتەکەیان ئاوارە بوون، هەروەها نزیکەی هەزار هاووڵاتیی سڤیل کوژراون کە 39یان منداڵن، نزیکەی هەزار  و 500 هاووڵاتیی سڤیلی دیکەش بریندار بوون.